دەزگای لوتکە رایگەیاند، ئەو یەختەی لە نزیک کەناری کالەبریای ئیتاڵی تێکشکاوە پێش هەشت رۆژ لە تورکیاوە بەرێکەوتوە و کۆچبەرەکانی ناوی لە رەگەزی عێراقی و سوری بون، لە ئێستادا 66 کۆچبەری نێو ئەو یەختە بێ سەروشوێنن و 26یان منداڵن.
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بڵاویکردەوە، بەپێی زانیاریەکان دوای ئەوەی دو یەخت لە کەناراوەکانی باشوری ئیتاڵیا تێکشکان بەلایەنی کەمەوە 17 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 60 کەسیش بێسەروشوێنن، لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆر منداڵ هەیە.
لە راگەیەنراوی دەزگای لوتکە ئاماژە بەوەشکراوە، کەشتییەکی فریاکەوتن کە لەلایەن گروپێکی فریاگوزاری فەڕەنسیەوە بەڕێوەدەبرێت 51 کۆچبەری لە یەختێکی نوقومبودا هەڵگرت کە لە یەکەم کەشتی تێکشکاودا بون، هەروەها تەرمی 10 لەو کۆچبەرانە لە خوارەوی کەشتیەکە دۆزراونەتەوە.
ئەوەشخراوەتەڕو، یەکەم کەشتی تەنها کۆچبەری سوری، میسری، پاکستانی و بەنگلادیشی تێدابوە، ڕزگاربوەکان ڕادەستی پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا کراون و گواستراونەتەوە بۆ کەنار دەریا، یەختی دوەم دوای ئەوەی کە هەشت ڕۆژ پێش ئێستا لە تورکیاوە بەڕێکەوتبو پێدەچێت بەهۆی بەهێزی شەپۆلەکانەوە تێکشکابێت.
دەزگای لوتکە ئەوەشی ئاشكراکردوە، ئەو کۆچبەرانەی کە لە کەناری کالەبریا یەختەکەیان تێکشکاوە لە ئێران و عێراق و سوریاوە هاتون، ڕزگاربوان ڕایانگەیاند کە 66 کەس بێسەروشوێنن، لەنێویاندا 26 منداڵ هەیە "هەندێکیان زۆر گەنجن"، هەروەها وتیشیان هەندێک لە کەشتییە تێپەڕبوەکان نەوەستان بۆ یارمەتیدان.