“هیچ كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ناكرێت”
  2024-06-18       181       

سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هیچ دانیشتنێكی بەپەلە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەنجام نادرێت، چونكە ئەو پرسە پێویستی بە كۆدەنگی سیاسیی هەیە.

ڕێبوار هادی، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

ڕێبوار هادی ڕاگەیاند، ئێستا ئەندامانی پەرلەمان لە پشووی خۆیانن، هەروەها باس لە دانیشتنی بەپەلە سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان ناكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان پێویستی بە كۆدەنگی سیاسیی هەیە، تا ئێستاش كۆدەنگی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان نییە.

ڕۆژی ١٤ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی محەمەد حەلبووسی سەرۆك پەرلەمانی عێراق بە تۆمەتی ساختەكردن و گەندەڵی، حەلبووسی جگە لە سەرۆكی پەرلەمان، لە هەمان كاتدا سەرۆكی حزبی تەقەدووم و هاوپەیمانی سیادەیە، لە ساڵی ٢٠١٨وە لە پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەماندایە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×