2024-06-15   466     
قادر وریا
لە هەر وڵاتێکی ڕۆژاوایی، بەناو دیپڵۆمات و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیران بە تاوانی تێرۆریستی، مرۆڤڕفاندن و تاوان دژی مرۆڤایەتی گیرابن، تەنانەت ئەگەر دادگاییش کرابن و حوکمیشدرابن، گومانم لەوەدا نەبووە کە پێش ئەوەی حوکمی دادگای وڵاتەکەیان بە تەواوی لەبارەیەوە بەڕێوە بچێت، بەدوای ساتوسەودایەک لەگەڵ ڕێژیمی تێرۆریستی ئێراندا، ئازاد دەکرێن و ڕەوانەی ئێران دەکرێنەوە. ڕێژیمی ئێران لەکاتی لەداوکەوتنی کاربەدەستە مرۆڤکوژ و تیرۆریستەکانی لە وڵاتانی ڕۆژاوایی، کەسانێک لە دانیشتووانی ئەو وڵاتانە، تەنانەت ئەگەر هیچ پێوەندییەکیان بە کاروباری سیاسی و دەوڵەتییشەوە نەبێت، بە بارمتە دەگرێت و لە هێندێک حاڵەتدا قورسترین حوکمەکانیشیان بەسەردا دەسەپێنێت و بەم جۆرە وڵاتی ڕۆژاوایی بەرامبەری، لە پێکگۆڕینەوەی گیراوەکانیان یان درێژەدان بە سیاسەتی دار بە دار و تۆڵە بە تۆڵە، سەرپشک دەکا. وڵاتانی ڕۆژاوایی لەبەر بەرژەوەندپەرستی، یان ڕەچاوکردنی ئەمنییەتی شارۆمەندانیان، بە زۆری مل بۆ گۆڕینەوە ڕادەکێشن. ئەنجامی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە لەگەڵ دەستەڵاتدرانی تاران، هاندانی ئەوان بۆ بەردەوامبوون لەسەر کردەوە تێرۆریستی و دژە ئینسانییەکانیان و زیاتر کەلکوەرگرتن لە بارمتەگیری و ساتوسەدای شەرماوییە.
لەگەڵ هەمووی ئەمانەشدا گیران و دادگایی کرانی کەسانی وەک حەمید نووری و پێش ئەویش دادگایی تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە فەڕانسە و بێلژیک، هەر دەبێت وەک خاڵێکی ئەرێنی سەیر بکەین، چونکە لە ڕەواڵێکی یاساییدا، پەردە لەسەر تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لادرا و دان بەو ڕاستیانەدا نرا کە ئازادیخوازانی ئێرانی ساڵانێک بوو لەبارەی ئەو ڕێژیمەوە بە دنیایان ڕاگەیاندبوو. هەر بۆیە پێویستە لەداوخستن و بەگرتندان و ڕاپێچکردنی تێرۆریستان و پێشێلکەرانی ئێرانیی مافی مرۆڤ بۆ بەردەم دادگا ڕۆژاواییەکان، لەمەودواش لە بەرنامەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو ڕێژیمە دڕندەیەدا بمێنێتەوە.