وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، پلانیان هەیە بۆ روبەڕوبونەوەی شەپۆلەكانی خۆڵبارین و حكومەتیش رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئامادەكردنی ستراتیژێك بۆ سنوردانان بۆ پیسبونی ژینگە.
ئاوێنە: نەجلە وائیلی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەكنیكی لە وەزارەتەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمی عێراق وتی، وەزارەتەكەیان لەچوارچێوەی پلانێكدا كاردەكات بۆ روبەڕوبونەوەی شەپۆلەكانی خۆڵبارین.
بەپێی قسەی ئەو بەرپرسە، پلانەكە، چەند كارێك لەخۆدەگرێت لەوانە: زیادكردنی روبەڕوی روەكی، چاندنی ئەو درەختانەی بەرگەی وشكەساڵی و گەرما دەگرن، پاڵپشتیكردنی تەكنەلۆژیای ئاودێری مۆدێرن، ئیدارەدانی سەرچاوەكانی ئاو بەشێوەیەكی بەردەوام و هەروەها دانانی ستراتیژێكی گشتگیر بۆ ئیدارەدان و كەمكردنەوەی كاریگەریی شەپۆلەكانی خۆڵبارین.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لەنێو چارەسەرەكاندا پێشنیاری دروستكردنی پشتێنەی سەوزایی بەدەوری شارەكاندا كراوە لەگەڵ سودوەگرتن لە ئەزمون و لێكۆڵینەكانی وڵاتان بۆ روبەڕوبونەوەی شەپۆلەكانی خۆڵبارین لەگەڵ دامەزراندنی سیستمی چاودێری بۆ ئاگاداربون لە ئاستی خۆڵبارین و دیاریكردنی سەرچاوەكانی.
بەرپرسەكەی وەزارەتی ژینگە هێمای بە گرنگی هاریكاری نێودەوڵەتی و ناوچەیی كردوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو شەپۆلانەی خۆڵبارین كە سنورەكان دەبڕن كە لەو روەوە رێككەوتننامەیەكی نەتەوە یەكگرتوەكان هەیە بۆ روبەڕوبونەوەی بە بیابانبون و وشكەساڵی.
نەجلە وائیلی هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە حكومەتی عێراق رەمەزاندنی نیشانداوە لەسەر ئامادەكردنی ستراتیژێك بۆ سنوردانان بۆ پیسبونی ژینگە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، زۆریی باران بارین لە وەرزی ئەمساڵدا، بۆتەهۆی كەمبونەوەی شەپۆلەكانی خۆڵبارین و پێشبینیش دەكەن لە هاوینی ئەمساڵدا شەپۆلی خۆڵبارین كەمتر بێت.