وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگهیاند، هێزەکانی "لایەنگری هیچ کاندیدێک نابن" لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا کە بڕیارە دوای دو ههفتهی دیكه بهڕێوهبچێت، بۆ دیاریكردنی شوێنگرهوهی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری كۆچكردو لە کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێکدا لە مانگی ڕابردودا.
جەنەراڵ ڕەزەدان شەریف، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران له لێدوانێكدا رایگهیاندوه، هێزەکانی پاسداران ڕێز لە هەمو ئەو کاندیدانە دەگرن کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵاوه پەسەندکراون بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی كۆماردا.
ئاماژهی بهوهشكردوه، ئهوان دەستوەردان ناکەن لە پشتیوانیکردن یان دژایەتیکردنی هیچ کاندیدێک، ناوبراو ئاماژەی بە گرنگی "بەشداری فراوان و دەستەبەرکردنی یەکپارچەیی پڕۆسەی هەڵبژاردن" کرد.
لەنێو ئەو شەش کاندیدەدا كه پهسهندكراون و بهشداری كێڕكێكه دهكهن، ناوی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان دیارە، کە پێش ئەوەی بچێتە گۆڕەپانی سیاسییەوە سەرکردە بو لە سوپای پاسداران.
وتەبێژی سوپای پاسداران باسی لهوهشكردوه، هێزەکانی کار لەسەر "بەشداری کاریگەر و ئاسایش و سەلامەتی هەڵبژاردن" دەکەن، سوپای پاسداران و هێزەکانی بەسیج، هەوڵدەدەن پشتیوانی لە ئامانجەکانی حکومەتی داهاتو بکەن، هەروەک چۆن ئەوان لە ڕابردودا كردویانه. وتیشی، "ئێمە لایەنگری کاندیدەکان نابین، هەروەها پشتیوانی هەر سەرۆکێک دەکەین کە لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرابێت".
سوپای پاسداران تۆمهتباره به پشتیوانیكردنی كاندیدانی سهرۆكایهتی بهمهبهستی خزمەتکردنی بەرژەوەندی و ئامانجەکانی، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی 2017، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران سوپای پاسدارانی بە پاڵپشتی لە ڕکابەری ئەوکاتەی ئیبراهیم ڕەئیسی تۆمەتبار کرد.