فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، سێ موشەکی کروزی دژە کەشتی لەناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان لەیەمەن لەگەڵ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە بەرەو دەریای سوور هەڵدراوە تێکشکاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لەبەیاننامەیەکدا سێنتکۆم لەسەر پلاتفۆرمی "X" ڕایگەیاند، لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردودا هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) بەسەرکەوتویی سێ شوێنی هەڵدانی موشەکی دژە کەشتیی کروزی (ASCM)یان لەناوچەیەکدا لەگەڵ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن حوسییەکانەوە هەڵدراوە، بەرەو دەریایی سور لەناوبردوە.
لەبەیاننامەکەدا ئەوەش هاتوە، حوسییەکان دوو موشەکی بالیستی دژە کەشتییان بەسەر دەریای سوردا هەڵداوەو هیچ زیانێکی گیانیو زیانێکیشی بەر کەشتییە ئەمریکییەکانو هاوپەیمانانو بازرگانان نەکەوتوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، حوسییەکان کەشتیی TUTORیان کە ئاڵای لیبریا لەسەر هەڵدرابوو و خاوەندارێتیو بەڕێوەبردنی بۆ یۆنانیەکان دەگەڕێتەوە، لەدەریای سوردا کردە ئامانج، بەڵام زیانێکی زۆریان پێگەیاندوە.
لەبەیاننامەکەدا باس لەوەشکراوە، ئەم هەڵسوکەوتە بەردەوامەی حوسییەکان هەڕەشە لەسەقامگیریی ناوچەکە دەکاتو ژیانی دەریاوانانی دەریای سورو کەنداوی عەدەن دەخاتە مەترسییەوە.
دوێنێ چوارشەممە، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند، دوو کەشتیی موشەکی کروزی دژە کەشتییان لەناوچەی ژێر کۆنترۆڵی بزوتنەوەی "ئەنساروڵڵا"ی حوسییەکان لەیەمەن تێکشکاندوە.
لای خۆیەوە، هێزە چەکدارەکانی یەمەن پێشتر ڕایگەیاندبوو، دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوبەشیان لەگەڵ "بەرخۆدانی ئیسلامی عێراق" ئەنجامداوە، شارەکانی ئەسدۆدو حەیفایان کردۆتە ئامانج، هەروەها کەشتی "TUTOR"یان لەدەریای سور بە بەلەمێکی بێفڕۆکەوان کردە ئامانج.
لە30ی ئایاردا ئەنساروڵڵا ئاشکرایکرد، کۆی ئەو کەشتیانەی لەدەریای سورو عەرەبیو کەنداوی عەدەنو زەریای هیندیو دەریای ناوەڕاست کراونەتە ئامانج، لەمانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوەوە بۆ 129 کەشتی ئیسرائیلیو ئەمریکیو بەریتانیا بەرزبوەتەوە.
گرژییەکان لەدەریای سورو عەرەبیو کەنداوی عەدەن پەرەیسەندوە، لەوەتەی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا دەستیپێکردوە، لەتشرینی دوەمی 2023 هێرشەکانی بۆ سەر ئەو کەشتییانە دەستپێکردوە کە بەوتەی خۆی پەیوەندییان بەئیسرائیلەوە هەیە یان بەرەو بەندەرەکانی دەڕۆن، ئەمەش لەوەڵامی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.