2024-06-12   507     
نالی پێنجوێنی
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڵبژاردنی پەڕلەمانی ئەورووپا لە ٢٧ وڵات بەڕێوەچوو، نزیکەی ٣٦٠ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، ڕێژەی بەشداربووان لەسەدا پەنجاویەکی تێپەڕاند، ئەوەش بەرزترین ڕێژەی بەشداربوونە لەساڵی ١٩٩٤ وە. ئەنجامی هەڵبژاردنەکەو هاتنەپێشەوەی هێزە ڕاستڕەوەکان زەنگێکی مەترسیدار بوو. ئەوان لە نەمسا، ئیتالیاو فەرەنسا پلەی یەکەمیان بەدەستهێناوە، لەئەڵمانیاو هۆڵەندا بە پلەی دووەم هاتوون، لەزۆر جێگەی دیکەش دەنگی زۆریان هێناوە. هەروەك "جۆن لۆك میلانشۆن"ی سەرۆکی پارتی فەرەنسا بۆ پێشيوە دەڵێت: ئەمڕۆ لەتەواوی ئەورووپا هێزە ڕاستڕەو و توندڕەوەکان لە دەسەڵات نزیکبوونەتەوە، ئەوەش بەواتای ئەوە دێت سەردەمی پاشەکشێمان دەستیپێکردووە. مێژووی کیشوەری ئەورووپا، پڕە لەململانێ و جەنگ و بەریەککەوتن، هەردوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهان نزیکترین نموونەن، ئەو دوو جەنگە ماڵوێرانکەرە، لەناو ماڵێ ئەورووپاوە سەریهەڵداوەو دواتر جیهانی تەنیوەتەوە. ئەوە ڕاستە کە ئەورووپا سەرزەمینی سەرهەڵدان و گەشەسەندنی ڕێنیسانس، دێمۆکراسی و مۆدێرنە بووە. بەڵام ناسیزم و فاشیزم کە دوو ڕەوتی ناسیۆناڵیزمی توندڕەون هەر لەوێوە سەریانهەڵداوەو ئەو کیشوەرەیان دووچاری کاولکاری کردووە. دوای جەنگی دووەمی جیهان، بیرمەندو نوخبەی سیاسی ئەورووپا، توانیان ڕێڕەوی سیاسەت بگۆڕن، هێزە نەتەوەپەرست و ڕاستڕەوەکانیان لەکۆمەڵگاو دەسەڵات دوورخستەوە. هەوڵیان دا کار لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوانیان بکەن و تۆخیبکەنەوە. بەپێچەوانەوە، خاڵە جیاوازو ناکۆکەکانیان تا ئاستێکی باش کاڵ و کەمکردەوە. یەکێتیی ئەورووپا، بازاڕی هاوبەش، دراوی هاوبەش و چەندین دامودەستگای دیکەیان بنیات نا. بەوەش توانیان خێرا خۆیان بنیات بنێنەوەو لەگشت بوارەکاندا پێشکەوتنێکی هەمەجۆر بەدەستبهێنن. ئەو هەنگاوانەیان نزیکەی پەنجا ساڵی خایاند. بەڵام هەزارەی سێیەم، دەکرێ بەسەردەمی پاشەکشێ کاری هاوبەش و سەرهەڵدانی بیری ناسیۆناڵیزمی توندڕەوانەو لاوازبوونی ئەو دامودەستگایانە بدرێتە قەڵەم، چوونەدەرەوەی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوەرووپا-برێکسیت، بەهەنگاوی یەکەمی هێزە ڕاستڕەو و توندڕەوەکان دادەنرێ لەو ڕووەوە. بێگومان، بەهۆی ئەو قەیرانانەی کە بەرۆکی ئەورووپایان گرتووە، هەر لەقەیرانی ئابووریی، زیادبوونی ڕێژەی بێکاری، ژینگە، کۆچبەران و ئێستەش شەڕی ئۆکرانیا، هێزە پۆپۆلیستەکان هاتوونەتەوە سەر شانۆی سیاسەت حزوورێکی بەرچاو و کاریگەریان هەیە، خەریکن سیاسەت لەدەستی نوخبە بیرمەندو سیاسییەکە دەردەهێنن و بەئاقارێکی دیکەدا دەیبەن. ناکرێ ڕۆڵی سۆشیال مێدیا لەو ڕووەوە نادیدەبگرین. هێزە ڕاستڕەو توندڕەوەکان هەڵگری هەمان دیدی فاشیزم و نازیسمن و ئەوەش ناشارنەوە، ئەوان دژی دامودەستگاکانی دەوڵەتن و بەردەوام گومانیان دەخەنەسەرو بێ ئەرزش لێیان دەڕوانن. لەولایشەوە، نوخبەی سیاسی بەگەندەڵ و مشەخۆر وەسف دەکەن. مەترسییەکە لەوەدایە، ئەوان گوێ بە مافەکانی مرۆڤ، یەکسانی و دێمۆکراسی کە پێگەیەکی گرنگی لەسیستەمی ڕۆژئاوادا داگیرکردووە، نادەن. زۆر دژی بێگانەو کۆچبەرانن، بەتایبەت کۆچبەرە موسڵمانەکان. تۆڵێرانس و کرانەوەیان بەڕووی ئایین و کولتوورەکانی تردا سفرەو زۆر دژایەتیان دەکەن. سەرکەوتنی هێزە ڕاستڕەو و توندڕەوەکان لەئەورووپا، بەواتای مەترسی دێت بۆ سەر ئەو بەها مرۆییانەی لەسەدەی ڕابردوودا مرۆڤایەتی بەدەستی هێناوە، ئەورووپاییەکانیش لێزانانە وەك دەسکەوت و شانازیی بەخەڵكیان فرۆشتۆتەوەو بەکاریان هێناوە. هەر نووسەر، توێژەرو کەسایەتییەکی سیاسیی، هاتنەپێشەوەی هێزە ڕاستڕەوو توندڕەوەکان و ئەو گۆڕانکاریانەی کۆمەڵگە ئەورووپاییەکان بەهەند وەرنەگرێ خوێندنەوەکانی سەرپێی و درشتن و هیچی ئەوتۆی لێ سەوز نابێ. زۆرێك لەنوخبەی سیاسیی و هەندێ لەبیرمەندانی ئەورووپا هاتنەپێشەوەی هێزە ڕاستڕەوەکان وەك مەترسییەکی گەورە وێنادەکەن و وەك سەرەتای ڕووخاندنی شآرستانییەتی ئەورووپا دەیخوێننەوە. "ستیڤان سیگۆرنی" سەرۆکی فراکسیۆنی نوێبوونەوە لەپەڕلەمانی ئەورووپا دەڵێت: سەرکەتنی پۆپۆلیستە ڕاستڕەوەکان لەهەموو جێگایەکی ئەورووپا، واتای ئەوەیە ئەورووپا دەخەینە بەردەم مەترسییەکی گەورە. نووسەرو بیریاری فەرەنسایی ئێمانوێڵ تۆد، لەتازەترین کتێبی دا بەناونیشانی "شکستی ڕۆژئاوا" نەك تەنها ئەورووپا، بەڵکو دەڵێت تەواوی شارستانییەتی ڕؤژئاوا بەئەمریکایشەوە بەرەو شکست دەڕوات.