وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی هێرشكردنە سەر خواردنگە ئەمریكییەكان وەڵامی لێدوانەكانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەداتەوەو دەڵێت، هێرشكردنە سەر ئەو خواردنگانە لەلایەن چەند گروپێكی لە یاسا دەرچوەوە بوەو بەهیچ شێوەیەك پەیوەندییان بە دامەزراوەی حەشدی شەعبییەوە نییە.
ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمشەو سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، وەزارەكەیان بەدواداچونی بۆ چەند لێدوانێكی ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كردوە كە "زانیاری نادروست" لەو لێدوانانەدا هەبوەو بەرپرسیارێتی چەند كردەوەیەكی خستۆتە ئەستۆی حەشدی شەعبی كە پێشێلی ئاسایشی عێراق دەكەن.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتوشیەتی، لەمبارەیەوە جەخت دەكەینەوە كە حەشدی شەعبی دامەزراوەیەكی ئەمنی عێراقییەو بەتەواوەتی ملكەچە بۆ یاسا عێراقییەكان و پابەندە بە فەرمان و بڕیارەكانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوەو بەوپەڕی هەوڵی خۆی كاردەكات بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ولاتدا بەپێی چوارچێوە یاساییە دیاریكراوەكان.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتوشیەتی، ئەو دەستدرێژییانەی كراونەتە سەر هەندێك خواردنگە لەلایەن چەند گروپێكی لە یاسادەرچوەوە ئەنجامدراون كە بەهیچ شێوەیەك گوزارشت لە دامەزراوەی حەشدی شەعبی ناكەن و ئەوانەشی تێوەگلاون لەم روداوانە، لە ئێستادا روبەڕوی سزای ئیداری و رێككاری پێویست كراونەتەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە لە كۆتاییەكانی مانگی رابردودا هێرشكرایە سەر شوێنی چەند براندێكی خواردنی ئەمریكی لە بەغدا.