سودانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە ئوردن كۆبونەوە
  2024-06-11       227       

وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەیەكی نێوانیاندا لە ئوردن، تاوتوێی پرسی ئاگربەست لە غەززەو پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و بەغدایان كرد.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ئوردن كۆبونەتەوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو سەرۆك وەزیرانی عێراق تاوتوێی پێشنیاریی ئاگربەستی غەززەو گەرەنتیكردنی ئازادكردنی سەرجەم بارمتەكانی لای حەماس-یان كردوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پشتیوانی عێراقی بۆ پلانی ئاگربەست لە غەززە بەرزنرخاندوەو جەختی كردۆتەوە كە دەبێت حەماس پلانەكە بەبێ دواكەوتنی زیاتر قبوڵ بكات.

لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان بەغداو واشنتۆن كراوە، بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی كردۆتەوە كە ئەوان پابەندن بە پەیوەندییە گشتگیرەكەی نێوان هەردو وڵات لەپێناو بونیاتنانی هەلی ئابوری و بەرەپێشچون بۆ سەرجەم عێراقییەكان.

هاوكات بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبونەوەكەدا سودانی جەختی لە پشتیوانی عێراق بۆ هەر دەستپێشخەرییەك لەبارەی ئاگربەست و پەلەكردن لە كردنەوەی دەرگای گەیاندنی هاوكارییەكان بە گەلی فەلەستین، كردۆتەوە.

هەروەها بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، سودانی ئاماژەی بەوەداوە كە پێویستە هەڵوێستی ئەمریكا رون بێت لەبەرامبەر "دەستدرێژییەكان"ی حكومەتەكەی نەتەنیاهۆ.

سودانی هێمای بۆ مەترسییەكانی بەردەوامی شەڕ لە غەززە كردوە كە دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەكەو جیهان و دەشبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی پاساوی نوێ بداتە چالاكییە توندڕەوییەكان لە ناوچەكە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×