لیژنەی کارەبا و وزەی پەرلەمان: کێشەی کارەبا لە عێراق چارەسەر نابێت
  2024-06-11       194       

ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنەی کارەبا و وزەی پەرلەمان ڕایگەیاند، کێشەی کارەبا لە عێراق چارەسەر نابێت تا ئەوکاتەی بەرهەمهێنانمان کەمتر بێت لە ئاست خواستی ڕاستەقینە، ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 14 هەزار مێگاوات کورت هێنان هەیە.

جێگری سەرۆکی لیژنەکە، وەلید سەهلانی بە میدیای ناوخۆی ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبای ئێستامان لە نێوان 24 بۆ 25 هەزار مێگاواتە، لە کاتێکدا پێویستمان بە 40 هەزار مێگاوات هەیە، بۆ ئەوەی بە تەواوی کێشەی کارەبا چارەسەر بکەین.

سەهلانی گوتیشی: "کێشەیەکی بنەڕەتیمان هەیە کە هەموو هاوینێک ڕوودەدات، ئەویش پەیوەندی بە دواکەوتنی کارەکانی چاککردنەوە هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد "چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا پێویستی بە گرێبەستکردنە لەگەڵ کۆمپانیاکان بۆ زیادکردنی 14 هەزار مێگاوات"، ئەمەش لانیکەم دوو ساڵی دەوێت.

ئەوەشی خستەڕوو، "بابەتەکە تەنها لە وەزارەتی کارەبا سنووردار نییە، بەڵکو دۆسیەکە پێویستی بە بەڕێوەبردنی هاوبەشی هەیە لەلایەن حکوومەت و وەزارەتی نەوت لەگەڵ وەزارەتی کارەبادا، جگە لە چاودێری یاسایی و جێبەجێکردن".

سەبارەت بەو دەنگۆیەی کە ئیدارەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان و سیاسییەکان ڕێگە نادەن دۆسیەی کارەبا یەکلایی بکرێتەوە، بەهۆی هەبوونی مۆلیدە و بوونی لایەنە سوودمەندەکان لەم سەرچاوە ئابوورییە، سەهلانی ئەم بابەتەی ڕەتکردەوە، دەڵێت: "پێموانییە کە پرسەکە بگاتە ئەم ئاستە نزم".

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×