یاریدەدەری وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە ئێستادا عێراق خاوەنی ٦٥٪ ـی غازی بەرهەمهێنراوە، دەشڵێت: لە كۆتایی ئەمساڵدا عێراق دەبێتە خاوەنی ٧٨٪ـی غازی بەرهەمهێنراو.
د. عیزەت سابیر، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ كاروباری غاز لە بارەی زیادبوونی ڕێژەی بەرهەمهێنانی غاز لە عێراق بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.
د. عیزەت سابیر ڕاگەیاند، لەم مانگەدا وەزارەت پڕۆژەی كیڵگەی غازی حەفەیا دەكاتەوە، كە لە ڕۆژێكدا بڕی ٣٠٠ ملیۆن پێ سێجا بەرهەم دەهێنێت، لە ئێستادا عێراق خاوەنی ٦٥٪ـی غازی بەرهەمهێنراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، تا كۆتایی ئەمساڵدا عێراق دەبێتە خاوەنی ٧٨٪ـی غازی بەرهەمهێنراو، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی سووتانی غاز بۆ نزمترین ئاست.
پێشتر حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند بوو، عێراق لە داهاتوودا پێویستی بە هاوردەكردنی غاز نابێت، چونكە لە ئێستادا كێڵگەی عەكاز ٦٠ ملیۆن پێی سێجا غاز بەرهەمدەهێنێت، هەروەها یەدەگی غازی عێراق بە ١٤٠ تریلیۆن پێی سێجا مەزەندە دەكرێت.