ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پڕۆژە بڕیارێكی ئەمریكای بۆ ئاگربەست لە غەززە پەسەندكردو بزوتنەوەی حەماس-یش پێشوازی لە بڕیارەكە دەكات.
ئاوێنە: ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ دوشەممە، پڕۆژە بڕیارێكی ئەمریكا بۆ ئاگربەست لە غەززە پەسەندكرد، هەمو ئەندامانی ئەنجومەنەكە جگە لە روسیا دەنگیان بۆ پەسەندكردنی پڕۆژە بڕیارەكەدا.
پڕۆژە بڕیارەكە لەسەر بنەمای پێشنیارەكەی سەرۆكی ئەمریكایەو لەدوای نۆ رۆژ لە دانوستان لەنێو ئەنجومەنی ئاسایش، ئەمریكا دوایین رەشنوسی پێشنیارەكەی داڕشتەوە.
جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لە 31ی مانگی رابردو، پێشنیارەكەی خۆی بۆ ئاگربەست لە غەززە خستەڕو كە سێ قۆناغ لەخۆدەگرێت بۆ راگرتنی شەڕو پێشنیارەكەیشی بە "دەستپێشخەری ئیسرائیل" ناو برد.
پڕۆژە بڕیارەكە، ئاگربەستی بەردەوام، كشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە، ئازادكردنی بارمتەكانی لای حەماس و دیلەكانی حەماس و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ غەززە، لەخۆدەگرێت.
بەگوێرەی پڕۆژە بڕیارەكە، ئەگەر دانوستانەكان زیاتر لە شەش هەفتەیان لە قۆناغی یەكەمدا خایاند، ئەوا ئاگربەست تا بەردەوامبونی دانوستانەكان، بەردەوام دەبێت.
دوای بەدوای بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئاسایش، بزوتنەوەی حەماس پێشوازی لە بڕیارەكە كرد.
بزوتنەوەی حەماس وتیشی، ئامادەیی خۆمان بۆ هاریكاری لەگەڵ نێوەندگیرەكان دەردەبڕین بۆ چونە ناو دانوستانی ناڕاستەوخۆ بۆ جێبەجێكردنی بنەماكانی بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئاسایش.