ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا پەرلەمانی وڵاتەكەی هەڵوەشاندەوەو بڕیاری بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دا ئەوەش لەدوای ئەو شكستە گەورەیەی كە ئەمڕۆ یەكشەممە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا لە فەرەنسا روبەڕوی حزبەكەی بوەوە.
ئاوێنە: لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا لە فەرەنسا، حزبەكەی ماكرۆن بە بەدەستهێنانی تەنیا 15.2%ی دەنگەكان روبەڕوی شكستێكی گەورە بوەوە لەبەرامبەر پارتی گردبونەوەی نیشتیمانیی راستڕەودا كە زیاتر لە دو هێندەی حزبەكەی ماكرۆن دەنگی بەدەستهێناوە؛ 31.5%ی دەنگەكان.
لەدوای ئەو شكستە گەورەیەی حزبەكەی، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا لە پەیامێكدا بۆ گەلی وڵاتەكەی رایگەیاند، لەدوای ئەنجامدانی ئەو پرس و راوێژانەی كە لە مادەی 12ی دەستورەكەماندا هاتون، بڕیارم دا بژاردەی ئایندەی پەرلەمانی وڵاتەكەمان لەڕێگەی دەنگدانەوە، بخەمەوە بەردەمتان، بۆیە ئەم ئێوارەیە پەرلەمان هەڵدەوەشێنمەوە.
بەرلەوە جۆردان باردێلا، كاندیدی سەرەكی حزبە راستڕەوەكەی فەرەنسا، لە وتەی سەركەوتندا بۆ لایەنگرانی داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی كردو وتی"ناكرێت سەرۆك كۆمار خۆی كەڕ بكات لەبەرامبەر ئەو پەیامەی كە ئەمڕۆ گەلی فەرەنسا پێی دا، دەبێت دەستبەرداری ئەو ئەجێندایەی ببێت كە ئامادەكاری بۆ جێبەجێكردنی دەكات."
وتیشی"بەڕەسمی داوا لە سەرۆك كۆمار دەكەین ئەم دۆخە سیاسییە نوێیە بەهەند وەربگرێت و بگەڕێتەوە بۆ رای گەلی فەرەنساو هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ رێكبخات."
جۆردان باردێلا وتیشی"ئەم شكستە بێ پێشینەیە بۆ حكومەتی ئێستا، نیشانەی كۆتایی قۆناغەكەو رۆژی یەكەمی دوای سەردەمی ماكرۆنە، قۆناغێك كە بەرپرسیارێتی بونیادنانی لە ئەستۆی ئێمەیە."
بەڵام ماكرۆن لە پەیامە ڤیدیۆییەكەیدا وتی"سەركەوتنی نەتەوەپەرست و دیماگۆجییەكان هەڕەشەیە نەك بۆ نەتەوەكەمان بەڵكو بۆ ئەوروپاو هەروەها بۆ پێگەی فەرەنسا لە ئەوروپاو لە جیهاندا."
سەرۆكی فەرەنسا وتیشی"راستڕەوە توندڕەوەكان هۆكاری هەژاریی خەڵكی فەرەنساو كەوتنی وڵاتەكەمانن. بۆیە لە كۆتایی ئەم رۆژەدا ناتوانێم وا خۆم پیشان بدەم كە هیچ شتێك روی نەداوە."
ئیمانوێل ماكرۆن وتیشی، بڕیاردراوە رۆژی 30ی ئەم مانگە گەڕی یەكەم و رۆژی 7ی تەمموز گەڕی دوەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، ئەوەشی بە "بڕیارێكی جدی و قورس" بەڵام بە "كاری متمانە" ناوبرد.