بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگریی شارستانی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی كەوتنەوەی ئاگرێكی گەورە لە كۆگایەك لە ناوچەی نەهزەی بەغدا چوار كرێكار گیانیان لەدەستداوەو ئاگرەكەش لەلایەن تیمەكانیانەوە كۆنترۆڵكراوە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتییەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئاگرەكە لە كۆگایەكی بە جەمەلۆن دروستكراودا لە شەقامی زەلال لە ناوچەی نەهزەی بەغدا كەوتۆتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەو شوێنەی سوتاوە كۆگای ئیكسیسوارات و بۆن بوەو كراوە بە چوار بەش و لە دروستكردنیدا سەندویچ پەناڵ بەكارهێنراوە كە زو گڕ دەگرێت و بەكارهێنانی دژی رێنماییەكانی پاراستنی سەلامەتییە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، ئاگرەكە لەڕێگەی 40 تیمی ئاگركوژێنەوە كۆنترۆڵكراوەو لەناو كۆگاكەدا جەستەی چوار كرێكار دۆزراونەتەوە كە بەهۆی گەورەیی ئاگرەكە نەیانتوانیوە خۆیان رزگاربكەن.
ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەو چوار كرێكارەی سوتاون، عەرەبن بەڵام خەڵكی دەرەوەی عێراقن.
ئاماژەی بەوەشداوە كە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگریی شارستانی عێراق داوایكردوە لە بنكەی پۆلیسی بەرپرس لە ناوچەكەوە لێكۆڵینەوە بكرێت و هۆكارەكانی كەوتنەوەی ئاگرەكە ئاشكرابكرێت و ئەوانەشی كە كەمتەرخەمبون لە جێبەجێكردنی رێكارەكانی سەلامەتیدا، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.