ئەنجوومەنی كۆمیسارانی ئێران بڕیاریدا محەمەد مێهدی ئیسماعیلی وەزیری ڕۆشنبیری ئێران و كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار دوور بخاتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو كاندیدە لە ساڵی ٢٠١٥ بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل سزا دراوە.
میدیا فەرمییەكانی ئێران لە بارەی دوورخستنەوەی محەمەد مێهدی ئیسماعیلی وەزیری ڕۆشنبیری ئێران و كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری ئێران زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.
میدیاكان بڵاویان كردەوە، دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەوە ناو تۆماركردنی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری ئێران دەستی پێكرد، چەندین كەسی دیار خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندید كرد، كۆمیسۆن هەڵبژاردنی ئێرانیش پێداچوونەوەی بۆ ناو و دۆسییەی كاندیدەكان كرد، كاندیدێك بەناوی محەمەد مێهدی ئیسماعیلی كە ئێستا وەزیری ڕۆشنبیری ئێرانە دوور خرایەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، هۆكاری دوور خستنەوەی ئەو كاندیدە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە، كە لە ساڵی ٢٠١٥ بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل سزا دراوە، دواتر ئەم بڕیارە لەلایەن سەرۆكی كۆچكردوو ئیبراهیم ڕەئیسی كە جێگری یەكەمی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری بووە هەڵوەشێنراوەتەوە.
پێشتر ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران ڕایگەیاندبوو، ٨٠ كەس خۆیان كاندید كردووە بۆ ئەو پۆستە، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ كاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری ئێران لە ١٢ـی حوزەیران دەستپێدەكات و بۆ ماوەی ١٦ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
١٩ـی ئایاری هێلیكۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆكی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری كەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز كەوتە خوارەوە، دوای ١٨ كاتژمێر لە گەڕان، هێلیكۆپتەرەكە بە تێكشكاوی دۆزرایەوە و سەرجەم سەرنشینانی هێلیكۆپتەرەكە كە نۆ كەس بوون گیانیان لەدەستدا، دیارترینیشیان ئیبراهیم ڕەئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بوون.