بەهۆی پشت بەستن بەداهاتی نەوت بەشێوەیەکی سەرەکی و پشتگوێخستنی کەرتە ئابوورییەکانی دیکە، لە عێراقدا قەبارەی خەرجی گشتیی زیاترە لە قەبارەی داهاتی گشتیی، ڕاوێژکارێکی دارایی سەرۆک وەزیرانیش دەڵێت: قەبارەی خەرجی گشتیی مەترسی لەسهر داهاتی عێراق دروستکردووە.
مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە خەرجییە گشتییەکانی عێراق بەمشێوەیە بۆ ڕۆژنامەی عەرەبی جەدید زانیاری خستووەتەڕوو.
مەزهەر محەمەد ڕایگەیاند، بەهۆی پشت بەستن بەداهاتی نەوت بەشێوەیەکی سەرەکی و پشتگوێخستنی کەرتە ئابووریەکانی دیکە، لە عێراقدا قەبارەی خەرجی گشتی زیاترە لە قەبارەی داهاتی گشتی.
باسی لەوەشکرد، ٥٥٪ی خەرجییە گشتییەکانی عێراق بۆ چاودێریکردنی کۆمەڵایەتی و خانەنشینی دەڕوات.
ڕاوێژکارەکەى سوودانی ئاماژەی بەوەشکردوە، خەرجی وەبەرهێنان دەگاتە ٥٥ ترلیۆن دینار و ئەمەش مەترسی لەسەر داهاتی وڵات دروستدەکات و دەبێتە هۆی کورتهێنانی بودجە لە ساڵانی داهاتوودا.
جێگای ئاماژەیە، پاش پێنج مانگ مانەوە و داڕشتنەوەی خشتەکانی بودجە لەلای ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و ناردنی بودجە بۆ پەرلەمان، ڕۆژی دوو شەممەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق بودجەی ئەمساڵی پەسەند و ڕایگەیاند، بودجەی ئەمساڵ ٢١١.٩ ترلیۆن دینارە و بە بەرداورد بە ساڵی ڕابردوو قەبارەی بودجە بە ڕێژەی ٧٪ زیادیکردووە.