سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، سوودانی بەنیازە پێش كۆتاییهاتنی تەمەنی حكوومەتەكەی، كۆتایی بە ئەركی هاوپەیمانان لە عێراق بهێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش دانووستانی لیژنە هاوبەشەكان بەردەوامە، پەرلەمنتارێکیش دەڵێت، بەغدا پاشگەز نابێتەوە لە بڕیاری دوورخستنەوەی سەرجەم هێزە بیانییەكان لە عێراق.
عەلی زوبەیدی، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، وەعد قەدۆ ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق و كازم فەرتووسی، وتەبێژی لیواكانی سەیدو شوهەدا لە بارەی هەوڵەكانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەى كۆتایهێنان بە ئەركی هاوپەیمانان، بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێن.
عەلی زوبەیدی ڕیگەیاند، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كار لەسەر ئەوە دەكات بەر لە تەواوبوونی ماوەی حكومەتەكەی، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا، لە عێراق دووربخاتەوە.
دەشڵێت، سوودانی دەیەوێت بە كشانەوەی ئەو هێزانە كێشەكان یەكلایی بكاتەوە، چونکە بوونی هێزەكانی هاوپەیمانان هەڕەشەیە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق.
هەروەها، وەعد قەدۆ ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەغدا پاشگەز نابێتەوە لە بڕیاری دوورخستنەوەی سەرجەم هێزە بیانییەكان لە عێراق، هاوكات بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بە مەترسی لەسەر سەقامگیری عێراق دەزانین.
هاوکات، دوو لیژنە لە نێوان عێراق و ئەمریكا كار لەسەر ئەو پرسە دەكەن، یەكێكیان تایبەتە بە پرسی كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانان، ئەوی دیكەیان بۆ ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكایە بە پێی ڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوانیان.
لەلایەکى دیکەوە، كازم فەرتووسی، وتەبێژی لیواكانی سەیدو شوهەدا دەڵێت، ڕاگرتنی چالاكییە سەربازییەكانمان، ڕێزگرتن بووە لە بڕیارەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی دیاریكراودا، هۆشداریش دەدەین، ئەگەر دانووستانەكان سەبارەت بە كشانەوەی ئەو هێزانە شكست بهێنن، چالاكیی سەربازیی لە دژیان دەست پێ دەكەینەوە.
جێگەى ئاماژەیە، نزیكەی دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازی ئەمریكی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە عێراق هەیە و زۆرینەیان لە بنكەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و كامپی ڤیكتۆریا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا و بنكەی هەریر لە نزیك هەولێر جێگیرکراون.