سوریا داوا له‌ توركیا ده‌كات‌ هه‌رچى زوه‌ سه‌ربازانى له‌خاكى وڵاته‌كه‌ى پاشه‌كشه‌ پێبكات
  2024-06-05       305       

سوریا په‌یامێكى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى توركیا ده‌كات‌و داواى لێده‌كات هه‌رچى زوه‌ سه‌ربازانى وڵاته‌كه‌ى له‌خاكى سوریا پاشه‌كشه‌ پێبكات، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سوریاش ده‌ڵێت:"مەرجی سەرەکی بۆ هەر گفتوگۆیەکی سوری - تورکی ئەوەیە، تورکیا ئامادەیی خۆی بۆ کشانەوە لەخاکی سوریا ڕابگه‌یه‌نێت".

کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لەڕۆژئاوای کوردستان‌و سوریا کرۆکی کۆبونەوەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی سوریاو ئێران بوو لەدیمەشق.
 
له‌وباره‌یه‌وه‌ فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند، "مەرجی سەرەکی بۆ هەر گفتوگۆیەکی سوری - تورکی ئەوەیە، دەوڵەتی تورکیا ئامادەیی خۆی بۆ کشانەوە لەخاکی سوریا نیشانبدات، ئێمه‌ هه‌رگیز لەگەڵ لایەنێک دانوستان ناکەین کە خاکی ئێمەی داگیرکردوە".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، 30ی ئایاری ئەمساڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی سەربازیی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کرد، ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیارە ڕۆژی 11ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەڕۆژئاوای کوردستان‌و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بەڕێوەبچێت.

لاى خۆیشیه‌وه‌ وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگه‌یاند، "ناکرێت ئەو داگیرکارییە لەلایەن تورکیاوە بەردەوامبێت‌و تورکیا پشتگیریی لایەنێکی تیرۆریستی‌و چەکدار لەباکوری سوریا بکات، چونکە ئەوە پێچەوانەی هەموو هەوڵەکانە کە پێویستن بۆ ئاساییبونەوەی پەیوەندیی نێوان دوو وڵات، پەیوەندیی نێوان وڵاتەکانمان ئاسایی نابێتەوە ئەگەر تورکیا بەڕۆژی ڕوناک نەڵێت لەخاکی سوریا دەکشێتەوە".
 
لەساڵى 2016وە، تورکیا سێ ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان‌و باکوری سوریا ئەنجامداوە؛ ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات لەهاوینی 2016؛ ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون لەسەرەتای 2018‌و ئۆپەراسیۆنی کانیی ئاشتی لەپاییزی 2019؛ بەهەرسێکیان 8835 کیلۆمەتری خاكى ڕۆژئاواى كوردستان‌و سوریاى خستوەتە ژێر دەسەڵاتی خۆیه‌وه‌، دواى ئه‌و له‌شكركێشیانه‌ش، لەسەرەتای 2023وە دوو کۆبونەوە بەنێوەندگیریی مۆسکۆ لەنێوان توركیاو سوریا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لەسوریا شکستیانهێناوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×