وەزیری ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند، دوێنێ كۆتا وادەی پێشكەشكردنی داواكاری كاندیدەكان بوو بۆ خولی ١٤ـی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری ئێران و ئەمڕۆ كۆتای بە پرۆسەی تۆماركردنی ناوی كاندیدەكان هاتووە، دەشڵێت، ٨٠ كەسیش خۆیان كاندید كردووە بۆ ئەو پۆستە.
ئاوێنە: ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران لە بارەی كۆتایی هاتنی وادەی تۆماركردنی ناوی كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆككۆماری ئێران و ژمارەی كاندیدەكان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەواندیدا زانیاری نوێی خستەڕوو.
ئەحمەد وەحیدی ڕایگەیاند، دوێنێ کۆتا وادەی پێشكەشكردنی داواكاری كاندیدەكان بۆ خولی ١٤ـی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری ئێران بوو، ئەمڕۆ كۆتای بە پرۆسەی تۆماركردنی ناوی كاندیدەكان هاتووە.
دەشڵێت، ئەنجوومەنی پارێزەران، كە لە ١٢ ئەندام پێكدێت، لەماوەی حەوت ڕۆژدا كاردەكات بۆ قبوڵکردن یان ڕەتكردنەوەی كاندیدەكان، هەروەها لە ١١ـی حوزەیران لیستی ئەو كاندیدانە بڵاودەكاتەوە كە قبوڵکراون بۆ كاندید بوون.
ئاماژەی بەوەشكرد، ٨٠ كەس خۆیان كاندید كردووە بۆ ئەو پۆستە، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ كاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری ئێران لە ١٢ـی حوزەیران دەستپێدەكات و بۆ ماوەی ١٦ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
عەلی لاریجانی، مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەعید جەلیلی، عەبدول ناسر هیمەتی دیارترین كاندیدەكانی پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری ئێرانن.
١٩ـی ئایاری هێلیكۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆكی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری كەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز كەوتە خوارەوە، دوای ١٨ كاتژمێر لە گەڕان، هێلیكۆپتەرەكە بە تێكشكاوی دۆزرایەوە و سەرجەم سەرنشینانی هێلیكۆپتەرەكە كە نۆ كەس بوون گیانیان لەدەستدا، دیارترینیشیان ئیبراهیم ڕەئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بوون.