پەرلەمانی عێراق كۆتایی بە وەرزی یەكەمی یاسادانان هێنا
  2024-06-04       149       


پەرلەمانی عێراق كۆتاییهاتنی وەرزی یەكەمی یاسادانانى بۆ ساڵی سێیەمی یاسادانان لە خولی پێنجەمی پەرلەمان ڕاگەیاند، لەکاتێکدا پێشتر ئەم خولەی بۆ ماوەی مانگێك بە مەبەستى پەسەندکردنى یاساى بودجە درێژ كردبووەوە.

بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بارەی كۆتاییهاتنی وەرزی یەكەمی یاسادانان ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، سەرۆكایەتیی پەرلەمان كۆتایی بە وەرزی یەكەمی یاسادانانى ساڵی سێیەمی یاسادانان لە خولی پێنجەمی پەرلەمان هێنا.

ڕۆژی ١٠ی ئایار پەرلەمانی عێراق، بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی ٥٨ـی دەستووری عێراق، وەرزی سێیەمی یاسادانانی پەرلەمانی بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ درێژ كردەوە و ئاماژەیان بەوە کردبوو، درێژكردنەوەی وادەی وەرزی یاسادانانی پەرلەمان بۆ كاری پێویست و پرۆژەی گرنگ دەبێت.

پەرلەمانتارانیش دەڵێن: هۆكاری درێژكردنەوەی وەرزی یاسادانانی پەرلەمان بۆ یەكلایكردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ بوو.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، پەرلەمان یەك جار دەتوانێت وەرزی یاسادانان درێژ بكاتەوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×