دو ڕۆژ پشو له‌ عێراق راگه‌یه‌ندرا
  2024-06-03       411       


وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕۆژانی 20 و 21ی (تشرینی دوەم/11)ی داهاتوی وەک پشو داناوە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاته‌كه‌.

عەبدولزەهرا ئەلهنداوی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق به‌ رۆژنامه‌ی سه‌باح-ی راگه‌یاند، "ڕۆژانی 20 و 21ی تشرینی دوەمی داهاتو پشو دەبێت بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان و نیشتەجێبون لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، سەرژمێری تاقیکارییش کە ئێستا ئەنجام دەدرێت تا 13ی (ئه‌یلول/9) بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆسەی ڕاهێنان و شیاوکردنی توێژەران کە سەرژمێری گشتی دانیشتوان و نیشتەجێبون ئەنجامدەدەن لەدوای کۆتاییهاتنی جەژنی جەژنی قوربانی پیرۆزی دەستپێدەکات، كه‌ ژمارەیان نزیکەی 130 هەزار کارمەندن.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق ده‌ڵێت، راهێنانه‌كان بە چه‌ند قۆناغێك دەبێت و دوای کۆتاییهاتنی ماوەی مەشق و ڕاهێنان، هەڵمەتی ژماردن دەستپێدەکات، کە لە 15 مانگی (تەمموز/7)ی داهاتو دەست پێدەکات و تا ناوەڕاستی مانگی (ئەیلول/9) بەردەوام دەبێت.

دوایین جار كه‌ سه‌رژمێری گشتی له‌سه‌رتاسه‌ری عێراق به‌ڕێوه‌چو له‌ (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی 1987 بو، كۆی گشتی دانیشتوان 16 ملیۆن و 335 هه‌زار و 199 كه‌س بووه‌.

هه‌روه‌ها سه‌رژمێری له‌ ساڵی 1997 له‌ 15 پارێزگای عێراق (به‌بێ هه‌رێمی كوردستان) به‌ڕێوه‌چو و كۆی دانیشتوانی ئه‌وكاتی عێراق 19 ملیۆن و 184 هه‌زار و 543 كه‌س بو.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×