باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق دەست بەکاربوو
  2024-06-02       237       

بە بڕیاری سەرۆک کۆماری تورکیا ئەنیل بۆرا عەنان لە شوێنی عەلی ڕەزا گونەی وەک باڵیۆزی نوێ لە بەغدا دەستبەکاربوو.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دانانی ئەنیل بۆرا عەنان وەک باڵیۆزی نوێ لە بەغدا و لە شوێنی عەلی ڕەزا گونەی.

عەنان بۆ یەکەمجار لە کۆتایی مانگی نیساندا لەلایەن هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیاوە بۆ ئەو پۆستە ڕاسپێردرا، بەڵام بەپێی ڕۆژنامەی فەرمیی تورکیا، ڕۆژی هەینی سەرۆک کۆماری تورکیا فەرمانی دەستبەکاربوونی واژۆکرد.

ئەنیل عەنان پێشتر وەک جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق لە وەزارەتی دەرەوە کاری کردووە، هەروەها وەک کونسوڵی گشتی تورکیا لە ڤانکۆڤەر کاری کردووە، لە ساڵی 2015 تا 2019.

دەستبەکاربوونی ئەنیل عەنان دوای چەند مانگێک دێت لە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق، کە دەیان یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات واژۆ کرا، کە کۆمەڵێک پرس دەگرێتەوە، بە پلەی یەکەم ئاسایش، وزە و ئاو.

چوارشەممەی ڕابردوو د. لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکی کارەکەیەوە پێشوازی لە عەلی ڕەزا گونەی باڵیۆزی تورکیا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزەکە لە ئەرکەکانی داهاتووی دەربڕی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×