جارێکی دیکە مەحمود ئەحمەدی نەژاد ئەمڕۆ ناوی خۆی وەکو کاندید بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران تۆمار دەکات.
مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران لە پەیامێکیدا رایگەیاند:" سەرەڕای ئەوەی کە دەزانم چ پرسێک لە پێشە و چ رووداوگەلێک چاوەڕێ دەکات، وتم دەبێت پابەندبم و ئەمڕۆ لە وەزارەتی ناوخۆی وڵات ئامادە دەبم بە مەبەستی خۆتۆمارکردن وەکو کاندید بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمار".
ناوبراو پێشتر رایگەیاندبوو، بەدواداچوون بۆ مەرجەکانی بوون بە کاندیدی سەرۆککۆماری ئێران دەکات و دواتر بڕیار لەبارەی دووبارە خۆکاندید کردنەوە دەدات.
شایەنی باسە ناوبراو لە هەڵبژاردنی پێشووی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران خۆکاندید کردنی لەلایەن دەستەی هەڵبژاردنی وڵاتەکەوە رەتکرابووەوە.
مەحمود ئەحمەدی نەژاد لە ساڵی 1956 لەدایکبووە و شەشەم سەرۆککۆماری ئێران بووە، ماوەیەکیش پارێزگاری ئەردەبیل بووە.
ماوەی دوو خوول و لە ساڵی 2005 تاوەکو 2013 لە پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیدا بووە.
لە رۆژی پێنجشەممەوە دەرگای خۆکاندید کردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران کراوەتەوە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 20 کەس بۆ ئەو مەبەستە ناوی خۆیان تۆمارکردووە و 80 کەسیش بۆ هەمان مەبەست داواکارییان پێشکەشکردووە.
بەپێی ماددەی 131ی دەستووری ئێران، لە ئەگەری گیان لەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران دەبێت جێگرەکەی پابەندبێت بە رێکخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ماوەی 50 رۆژدا.
رۆژی 19ی ئایار، هێلیکۆپتەرێک کە هەڵگری سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی یاوەریان بوو، تێکشکا و کەوتەخوارەوە بەرەبەیانی رۆژی دواتر کاتژمێر 5:00 توانرا هێلیکۆپتەرەکە بدۆزرێتەوە.
دوابەدوای دۆزینەوەی هێلیکۆپتەرەکە، میدیای فەرمی ئێران گیان لەدەستدانی سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکەی راگەیاند.