بایدن: ئیسرائیل پێشنیارێکی بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی غەززە کردوە
  2024-05-31       358       

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل پلانێکی ئاگربەستی پێشنیار کردوە و لە ئێستادا پێشنیارە لەلایەن قەتەرەوە ئاڕاستەی حەماس دەکرێت، پێشنیارەکە ئەوەیە بە سێ قۆناغی دانوستان و رێککەوتن بە یەکجاریی کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنرێت.

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی چەند مانگی رابردو دانوستانکارەکانمان لە سیاسەتی دەرەوە و دەزگا هەواڵگرییەکان سەرنجیان خستبوە سەر کۆتایی هێنان بە جەنگی غەززە بە یەکجاری و گەڕاندنەوەی بارمتەکان بۆ نیشتمانی خۆیان، بۆ دروستکردنی رۆژێکی باشتر لە غەززە بەبێ ئەوەی حەماس لە دەسەڵاتدا بێت.

بایدن ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵی دانوستانکارەکانمان بۆ ئەوەیە سەقامگیری سیاسی لە غەززە دروستبێت لە پێناو داهاتوییەکی گەشاوەتر بۆ فەڵەستینییەکان، دوا کاروباری دپلۆماتی دانوستانکارەکانی واشنتن و گفتگۆی بەردەوام لەگەڵ میسر و قەتەر، ئیسرائیل پێشنیازێکی بۆ راگرتنی جەنگ و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان خستوەتەڕو.

ئەوەشی خستەڕو، ئەو پێشنیازە لەلایەن قەتەرەوە نیشانی حەماس دراوە، پێشنیارەکەش لە سێ قۆناغ پێکهاتوە، یەکەمیان ئاگربەستێکی تەواوی شەش هەفتەییە و هەمو هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەکشێنەوە بەرامبەر ئەوەی ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد بکرێن هەروەها سەدان دیلی فەڵەستینیش لەلایەن تەلئەڤیڤەوە ئازاد دەکرێن.

بایدن باسی لەوەشکرد، لە ماوەی شەش هەفتەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە ئیسرائیل و حەماس تاوتوێی قۆناغی دوەمی ئاگربەستەکە دەکەن، ئیسرائیل دەیەوێت داواکارییەکانی جێبەجێ بکرێت، ئەوەی باشە ئەگەر گفتوگۆکان بەردەوام بن ئەگەر شەش هەفتەکەش کۆتایی بێت ئەوا ئاگربەست لە کاتی گفتوگۆکانیشدا بەردەوام دەبێت.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، قۆناغی دوەمی ئاگربەستەکە ئازادکردنی سەرجەم ئەو بارمتە ئیسرائیلیانەیە کە لە دەستی حەماسدا ماونەتەوە لە ناویاندا سەربازەکان، ئەم ئۆفەرە لە ئێستادا لەسەر مێزی گفتوگۆیە، هەر لایەنێکیش راز نەبێت بەو پێشنیارە ئەوا جەنگی غەززە بەردەوام دەبێت. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×