دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەڵێت، دادگاییكردنەكەی دادپەروەرانە نەبووە و پیلان لە دژی دەگێڕدرێت، ئەوەش بۆ رێگەگرتن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی، چونكە لە پێش "جۆ بایدن"ەوەیە.
دۆناڵد ترەمپ لە وتەیەكدا لەبەردەم دادگای تاوانەكانی نیویۆرك دوای ئەوەی 34 تۆمەتی بەسەردا ساخبووەوە وتی، بەهیچ شێوەیەك دادگاییكردنەكەی دادپەروەرانە نەبوو، هیچ تۆمارێكی ساختە نەكردووە و دادوەرەكە پیلانی لە دژی گێڕاوە.
باسی لەوەشكرد، "دادگاییكردنم لە نیویۆرك دادپەروەرانە نییە و پێویستە دادوەرەكە بەندبكرێت، هیچ كەسێك رووبەڕووی ئەو هەڵمەتە نەبووەتەوە كە لە دژی من بەڕێوەدەبرێت".
ترەمپ لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد، "سەرۆكێكمان هەیە فاشیستە، لە راپرسییەكاندا پێش بایدن كەوتووم، بۆیە دەیانەوێت رێگە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەم بگرن و نایانەوێت بەردەوامبێت".
وتیشی، "تەنانەت دوای تاوانباركردنم بەگوێرەی راپرسییەكان 6% لە پێش بایدنم لە كێبڕكێی سەرۆكایەتی ئەمریكادا".
دادگای تاوانەكانی نیویۆرك، 34 تۆمەتی بەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكادا ساخكردەوە، كە تایبەتبوون بە كەیسی پارەدان بە ئەكتەرێكی فیلمە پۆڕنەكان بەشێوەیەكی نایاسایی، تاوەكو بێدەنگی بكڕێت.