عه‌لی لاریجانی خۆی‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ ئێران كاندید كرد
  2024-05-31       244       

سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مانی ئێران ناوی خۆی بۆ بوونه‌ كاندید له‌ ھه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری نوێ تۆمار كرد و پێده‌چێت ببێته‌ یه‌كێك له‌ به‌هێزترین كاندیده‌كان.

عه‌لی لاریجانی سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مانی ئێران كه‌ پێشتر ڤیتۆ خرایه‌ سه‌ر كاندیدبوونی له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماردا، ناوی خۆی بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار تۆمار كرد و ئه‌گه‌ر ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر كاندیدبوونی بدرێت، پێده‌چێت ببێته‌ یه‌كێك له‌ به‌هێزترین كه‌سایه‌تییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ له‌ دووه‌م رۆژی تۆماركردنی ناوی‌ كاندیدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆماردا، لاریجانی سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ناوخۆیی كرد و ناوی خۆی تۆمار كرد.

ئه‌گه‌ر ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر كاندیدبوونی عه‌لی لاریجانی بدرێت، ئه‌وا پێده‌چێت وه‌ك سه‌عید جه‌لیلی سكرتێری گشتیی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، ببێته‌ یه‌كێك له‌ به‌هێزترین كه‌سایه‌تییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌.

لاریجانی له‌ دوای ناو تۆماركردنه‌كه‌ له‌ لێدوانێكیدا رایگه‌یاند كه‌ "ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت جێگه‌ی گه‌ل نه‌گرێته‌وه‌، ئه‌وا شه‌فافیه‌ت زیاتر ده‌كات و رێسا ناپێویسته‌كان كه‌م ده‌بنه‌وه‌ و مه‌یدانی گه‌نده‌ڵی نامێنێت. بێگومان به‌ حكومه‌تێكی سه‌ختدا كه‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ هه‌موو كارێكی هاووڵاتیان ده‌كات ناتوانین بگه‌ین به‌ شوێنێك".

وتیشی: "هه‌ندێك وڵات هه‌لومه‌رجیان له‌ ئێوه‌ ئاڵۆزتر بوو، به‌ڵام سه‌ركه‌وتن له‌ چاره‌سه‌ركردنیدا. ده‌توانین ته‌واوی كێشه‌كانی وڵاته‌كه‌ به‌ كۆنه‌كانیشه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین".

لاریجانی كه‌ له‌ ئێستادا وه‌ك راوێژكاری ئایه‌توڵا عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری ئێران، كار ده‌كات، باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردرێت، ئه‌وا هه‌ڵگرتنی سزاكان ده‌خاته‌ نێو كاری له‌ پێشینه‌ی دیپلۆماسییه‌وه‌.

رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ 19ی‌ ئایاری‌ 2024 ئیبراهیم ڕه‌ئیسی سه‌رۆك كۆماری ئێران له‌ سنووری ئێران-ئازه‌ربایجان به‌شداری له‌ كردنه‌وه‌ی به‌نداوێكدا كرد و، له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ شاندی یاوه‌ریدا كه‌ حسێن ئه‌میر عه‌بدولـله‌هیان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی، له‌نێودابوو به‌هۆی تێكشكانی هێلیكۆپته‌ره‌كه‌یانه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ست دا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×