باڵیۆزی ئەمریکا بۆ حکومەتی عێراق: هێرش بۆسەر کۆمپانیا ئەمریکییەکان رابگرن
  2024-05-30       262       
ئەلینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەعێراق ئیدانه‌ی‌ هێرشەکانی سەر کۆمپانیا ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان دەكات لەبەغدادو داوا لەحکومەتی عێراق دەکات لێکۆڵینەوەی هەمەلایەنە ئەنجامبدات بۆ دۆزینه‌وه‌و دادگاییكردنی‌ ئه‌نجامده‌رانی‌.

ئاوێنه‌: بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، کۆمپانیای 'کاتەرپیلەر' لەناوچەی جادریە لەناوەندی بەغدادی پایتەختی عێراق و پەیمانگای کامبریجی بەریتانی لەشەقامی فەڵەستین لەرۆژهەڵاتی بەغدا کرانەئامانج، جگە لەزیانی ماددی بەباڵەخانەکانی کۆمپانیاو پەیمانگاکە، هێرشەکان زیانی مرۆییان لێنەکەوتەوە.

له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌كان، ئەلینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "ئیدانه‌ی‌ هێرشە توندڕەوەکانی ئەم دواییە دەکەین بۆسەر کۆمپانیا ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان، داوا لەحکومەتی عێراق دەکەین لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە ئەنجامبدات، بەرپرسانی ئەو هێرشانە بەدادگا بگەیەنن و رێگری لەهەر هێرشێکی لەوشێوەش بکەن لەداهاتودا."

رۆمانۆسکی دەڵێت، ئەم جۆرە هێرشانە ژیان و ماڵی عێراقییەکان دەخەنە مەترسییەوە و توانای عێراق بۆ راکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی لاواز دەکەن، دەشڵێت، "ئێمە پارێزگاری لە پابەندیمان دەکەین بۆ هاوبەشیی هەمەلایەنە لە نێوان عێراق و ئەمریکادا بەمەبەستی بونیادنانی دەرفەتی ئابووری و خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم عێراقییەکان."

چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ریش هێرشكرایه‌ سه‌ر دوو چێشتخانەی خواردنی خێرای ئەمریکی، KFC لەشەقامی فەڵەستین و کەڕادە-62 لەبەغدادی پایتەخت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×