لەبارەی دەستگیركردنی ژمارەیەك هاوڵاتی كورد كە بە ڤیزای گەشتیاری چوونەتە سعودیە بۆئەوەی فەریزەی حەج ئەنجامبدەن، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم روونكردنەوە دەدات.
كاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا رایگەیاند:" ژمارەیەك هاووڵاتی كورد لە سعودیە دەستگیركراون و لەلایەن خانەوادەكانیانەوە پەیوەندییان پێوەكراوە بۆ ئەوەی هاوكاری بكرێن".
ئاماژەی بەوەشكردووە:" كۆمەڵێك خانەوادەی دیكەش كە دەستگیركراویان نییە لە سعودیە، پەیوەندییان پێوە كردوون و داوای هاوكارییان لێكردوون كە كەسوكارەكانی ئەوانیش دەستگیرنەكرێن".
ئاشكراشیكردووە:" پێشتر هاوڵاتیان و كۆمپانیاكان ئاگاداركرابوونەوە كە بە ڤیزای گەشتیاری حەج نەكەن، ئەگەرنا رووبەڕووی لێپێچینەوەی ماددیی و یاسایی دەبنەوە".