لەکاتێکدا لە پەرلەمانی عێراق پرسە هەستیارەکانی وەکو بودجە و هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ چارەسەر نەکراون، دەوترێت نزیکەی 80 پەرلەمانتار بۆ حەجکردن عێراقیان بەرەو سعودیە جێهێشتوە، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە پهرلهمانی عێراق رایگهیاند، بەشێک لە پەرلەمانتاران ئەرکی چاودێریکردنیان پێسپێردراوە و خەرجی گەشتەکەیان لەسەر خۆیان نییە.
غەریب ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە پهرلهمانی عێراق، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "ئەو پەرلەمانتارانەی ئەرکی چاودێریکردنیان پێسپێردراوە و ژمارەیان لە نێوان 5 بۆ 10 پەرلەمانتاردایە و هەندێکجار زیاتریشە، خەرجی فڕۆکە و مانەوە لەسەر خۆیان نییە و بۆیان دابین دەکرێت".
غەریب ئەحمەد دەڵێت، "ئەو پەرلەمانتارانەی کە خۆیان بۆ حەج دەڕۆن و هیچ پابەندبونێکی ئیدارییان لەسەر نییە، خەرجی گەشتەکەیان لەسەر خۆیانە".
ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کە گەشتی وڵاتی سعودیە دەکەن بە مەبەستی ئەنجامدانی حەج بە نزیکەی 80 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار مەزەندە دەکرێت.
ئەندامێکی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە گەشتی ئەم ژمارە زۆرەی پەرلەمانتار ڕەنگە ببێتە هۆی کێشە بۆ دانیشتنی تایبەت بە دانانی سەرۆکێکی نوێ.
گەشتکردنی بەکۆمەڵی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ وڵاتی سعودیە و ئەنجامدانی حەج لەکاتێکدایە، بەهەزاران هاوڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان ساڵانە بۆ بەشداری لە پڕۆسە ئاینییەکە ناوی خۆیان تۆماردەکەن، بەڵام تیروپشک بۆ ناوەکانیان ئەنجام دەدرێت و زۆرینەیان لە حەج کردن بێ بەش دەکرێن لە کاتێکدا ئەم تیروپشکە پەرلەمانتاران ناگرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، حەجکردن بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاسانە و کارئاسانییان بۆ دەکرێت، بەڵام دوای تەواوبونی قۆناغی پەرلەمانتارییان ئەنجامدانی ئەو فەریزە ئاینییە هاوشێوەی ئێستا ئاسان نابێت بۆیان، ئەوەش وایکردوە بەشێکی زۆریان لەوکاتەدا ئەرکە ئاینییەکە ئەنجامبدەن کە پەرلەمانتارن.
غەریب ئەحمەد وتی، "زۆرینەی ئەو پەرلەمانتارانەی گەشتی وڵاتی سعودیە دەکەن بۆ حەج کردن دەڕۆن، بەشێکی کەمیان لەگەڵ دەستەی حەجدا دەڕۆن و ئەرکیان پێ سپێردراوە".
گەشتکردنی بەکۆمەڵی پەرلەمانتارانی عێراق لەکاتێکدایە، چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەکانی داهاتودا پهرلهمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی خشتەکانی یاسای بودجەی ساڵی 2024 کۆببێتەوە و گفتووگۆی لەبارەوە بکات.
خشتەکانی بودجەى 2024ی عێراق رۆژی 21ى مانگی پێنج گەیشتە پەرلەمانی عێراق، دواى دو رۆژ لە پەسندکردنى لە ئەنجومەنى وەزیران، لە خشتەی بودجەکەدا خەرجیی ئەم ساڵی عێراق بە زیاتر لە 211 تریلیۆن و 861 ملیار دینار دانراوە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێن هیوادارن بە پەسەندکردنی بودجەکە پشکی هەرێمی کوردستان زیادبکات.
سەرەڕای پرسی بودجە، هەروەها ماوەی زیاتر لە شەش مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهۆی دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە پۆستەکەی لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە بێسەرۆکە، ناکۆکی نێوان لایەنە سونییەکان و دەستوەردانی هێزە شیعەکان وایکردوە ڕێککەوتن ئەنجام نەدرێت لەسەر دانانی جێگرەوەی حەلبوسی.
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند، "دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێویستی بەتەواوکردنی نیسابی یاساییە و دەبێت لە کۆی 329 پەرلەمانتار نیوە کۆ یەکیان ئامادە بن".
دەشڵێت، "ئهگەر کوتلەی تەقەدومی حەلبوسی بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمان بکات و 80 پەرلەمانتاریش بۆ حەجکردن سەردانی وڵاتی سعودیە بکەن، ڕەنگە گرفت بۆ تەواوکردنی نیسابی یاسایی دروست ببێت".