وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەكەیان بانگھێشتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكانی كردوە بۆ ئەوەی بەزوترین كات كۆبونەوەیەك لە بەغدا ئەنجام بدەن بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.
ئاوێنە: وەزارەتی نەوتی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی كە لە هەرێم كاردەكەن، بانگهێشت كردون بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەیەك بەزوترین كات لە بەغدا بەمەبەستی تاوتوێكردن و گەیشتن بە رێككەوتن لەبارەی خێراكردنی دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە بەگوێرەی ئەو بڕە نەوتەی كە یاسای بودجەدا جێگیركراوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو كە داواكەیان لە پەرۆشی وەزارەتەكەیانەوەیە بۆ دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان و هەناردەكردنەوەی نەوت بەشێوەیەك كە بكەوێتە خزمەت بەرژەوەندیی نیشتمانی.