ڕاپۆرتێکی نهێنی ئاشکرای دەکات: ئێران کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراو زیاد دەکات
  2024-05-28       189       

ڕاپۆرتێکی نهێنی کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردووەتەوە، باس لەوە دەکات کە ئێران کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بۆ ئاستێکی نزیک لە ئاستی پێویست بۆ دروستکردنی چەک زیاد کردووە.

بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئێستا ئێران خاوەنی 142.1 کیلۆگرام یۆرانیۆمە کە تا 60% پیتێنراوە، ئەمەش 20.6 کیلۆگرام زیادی کردووە لە دوایین ڕاپۆرتی مانگی شوباتەوە.

ڕاپۆرتەکە دەشڵێت، یۆرانیۆمی پیتێنراو تا 60% تەنها نزیکە لە هەنگاوەکانی کۆتایی کە بگاتە 90% و بتوانێت چەکی لێوە بەرهەمبهێنێت.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاندووە، تاران ڕێگری لە پشکنەرە ئەتۆمییەکان کردووە کە چاودێری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکات ئێران “لە چوارچێوەی ڕاوێژکارییە بەردەوامەکانی نێوان ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و ئێراندا ئەو کارە بکات”.

ڕوونیکردەوە، کە گیان لەدەستدانی سەرۆک کۆماری ئێران و وەزیری دەرەوەی ئێران لە کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکدا بۆتە هۆی وەستانی دانوستانەکانی ئاژانسەکە لەگەڵ تاران سەبارەت بە باشترکردنی هاوکارییەکان.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئێران لە ٢١ی ئایاردا پێشنیاری کرد کە گفتوگۆکان سەبارەت بە هاوکارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی و ئێران لە تاران لە وادەیەکی گونجاودا بەردەوام بن کە هەردووکیان لەسەری ڕێکبکەون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×