فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە رێڕەوی دیاریکراو لای نەداوە و بەهۆی بەرکەوتنی بە لوتکەی چیا، كەوتۆتە خوارەوە.
ئاوێنە: شەوی رابردو 23-05-2024، ئەو لیژنەیەی کە فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی پێکیهێنابو، بەشێک لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی ئاشکرا کرد.
بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنەکە، هەلیکۆپتەرەکە لە رێڕەوی دیاریکراوی خۆی لاینەداوە و هیچ ئاسەوارێکی گولـلە و بەئامانجگرتنیش لەسەر پاشماوەی هەلیکۆپتەرەکە نەبوە.
بەپێی راپۆرتەكە، هەلیکۆپتەرەکە بەر لوتکەی چیایەک کەوتوە و ئاگری گرتوە "لە پەیوەندییە رادیۆییەکانی تیمی فڕۆکەوانیدا، هیچ شتێکی گوماناوی بەدینەکراوە."
هەر بەپێی راپۆرتەكە، نزیكەی یەك خولەك و نیو بەر لە روداوەكە، فڕۆكەوانی هەلیكۆپتەرەكەی رەئیسی پەیوەندی بە دو هەلیكۆپتەرەكەی دیكەی یاوەرییەوە كردوە.
ئەوەش خراوەتەڕو: بەهۆی نالەباری کەشوهەوا پرۆسەی دۆزینەوەی تەرمەکان درێژەی کێشاوە، درۆنە ئێرانییەکان خاڵی روداوەکەیان دۆزیوەتەوە، "بەشی زۆری زانیاری و بەڵگەکان کۆکراونەتەوە، بەڵام هێشتا بەشێکیان پێویستیان بە لێکۆڵینەوە و کاتی زیاترە."
کاژێر 19ی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە تەرمی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە نێو مەزارگەی ئیمام رەزا لە مەشهەد بەخاکسپێردرا.
هەروەها نیوەڕۆی پێنجشەممە، تەرمی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان لە مەزارگەیەک لە شاری رێی تاران بەخاکسپێردرا.