نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ڕایدەگەیەنێت، گیانلەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران "شڵەژان"ی لە نێو ئەو وڵاتە دروستکرد، چونکە ڕوداوەکە بۆ لایەنگران و نەیارانی ڕوداوێکی کوت و پڕبو."
ئاوێنە: نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کاتێک پیاوێکی وەکو سەرۆککۆمار بە ڕوداوێکی وا دەڕوات، کۆمەڵگا دەشڵەژێت، چونکە لایەنگران و نەیارانیشی خۆیان بۆ ڕوداوی کتوپڕی لەو جۆرە ئامادە نەکردوە."
وتیشی"لە ئێران ڕوداوێکی کتوپڕ ڕویداوە و ئەو پرسیارە دروستدەبێت ئەم ڕۆیشت کێ جێگەی دەگرێتەوە؟ بۆیە خەڵکی ئێران بە لایەنگر و نەیارانی ڕەئیسییەوە شڵەژان."
دوێنێ یەکشەممە، 19ی پێنجی 2024، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران و حسێن ئەمیر عەبدوڵاهییانی وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێکی تری هاوەڵیان، بەڕوداوی تێکشانی ئەو هێلیکۆپتەرەی تێیدابون لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات گیانیان لەدەستدا.
دوای ڕاگەیاندنی گیان لەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران، هادی تەحاف نەزیف، وتەبێژی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوری ئێران ڕایگەیاند، "بە ڕەزامەندی ڕێبەری باڵای ئێران، محەەد موخبیری جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار، ئەرکەکانی سەرۆککۆمار ڕادەپەڕێنێت."
نازم دەباغ وتیشی"لەمکاتەدا کە سەرۆککۆماری ئێران گیانی لەدەستداوە، ئێران لە گفتوگۆدابوە لە بارەی کێشەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆیە بۆ چارەسەری کێشەی ناوخۆش وا پێویست دەکات زو مەسەلەی پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکرێتەوە تا ئەم پرۆسەیە ڕانەوەستێت، بەتایبەت ئەمەریکاش لەبەردەم هەڵبژاردندایە."
نازم دەباغ وتی، "ڕەیسی سەرەتا کاتێک بو بە سەرۆککۆمار گفتوگۆی ڕەتدەکردەوە، بەڵام بەم دواییانە ئامادەیی نیشاندەدا بۆ گفتوگۆ، گۆڕانکاری لە هەڵوێست و سیاسەتیدا ڕویدابو."
ئەو وتیشی، "ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئیبراهیم ڕەئیسی هەوڵی بۆ دۆزینەوە و چارەسەرکردنی کێشەی ناوچەکە دەدا، چونکە ئاسایشی ئێران و عێراقی بەهەرێمی کوردستانیشەوە وەکو یەک پاکێج دەبینی."
ڕۆژی 5ی 5ی 2024، ئیبراهیم ڕەیسی سەرۆککۆماری کۆچکردوی ئێران پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کرد کە لەگەڵ شاندێکی باڵای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا سەردانی تارانی کرد.
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران وتی، "دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران، ڕەئیسی حەزیکرد پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێم باشبکات. بڕیاریشبو کۆتایی ئەم مانگە سەردانی عێراق بکات و پێش سەردانەکەش محەمەد شیاع سودانی بڕواتە ئێران، بۆ گفتوگۆکردن و واژۆکردنی ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنە سیاسی، بازرگانی و ئەمنییەکانی نێوان هەردولا."
سەبارەت بەو زانیارییانەی لە بەشێک لە میدیاکانی عێراق بڵاوکرانەوە، گوایە ئامانجێکی سەردانەکەی ڕەیسی بۆ عێراق نێوەنگیری بوە لە نێوان هەرێم و بەغدا، نازم دەباغ وتی، "ئێران دەبێت نێوەنگیری بکات، چونکە خراپی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر پەیوەندی نێوان عێراق و ئێران و هەرێم، بۆیە ئێران باشبونەوەی پەیوەندییەکانی دەوێت."