رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران دیاریكرا
  2024-05-20       318       

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی ئێران رایگەیاند، ئەوان رۆژی 28ی 6ی 2024یان بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دیاریكردوەو ئەوەشیان وەك پێشنیار ئاڕاستەی ئەنجومەنی پاراستنی دەستور كردوە بەمەبەستی پەسەندكردنی.

ئاوێنە: موحسین ئیسلامی، وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی ئێران لە لێدوانێكدا رایگەیاند، كۆمسیۆنەكە، ئەمڕۆ دوشەممە، بەگوێرەی دەستور تاوتوێی خشتە زەمەنییەكانی هةڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێرانی كردوەو دوا بڕیاری خۆی لەوبارەیەوە داوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، وێنەیەكیان لە خشتە زەمنییەكانی هەڵبژاردنەكە بۆ ئەنجومەنی پاراستنی دەستور ناردوەو چاوەڕێی ئەوەن كە لەلایەن ئەنجومەنەكەوە پەسەندبكرێت بۆ ئەوەی بەڕەسمی رابگەیەندرێت.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەوان رۆژی 28ی 6ی 2024یان دیاریكردوە بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران و لەسەر ئەو بنەمایەش وادەی تۆماركردنی ناوی كاندیدەكان رۆژی 28ی ئەم مانگە دەبێت.

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، 19-05-2024، دوای تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەیان لەکاتی گەڕانەوەیان لە ئازەربایجانەوە بۆ ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرەکانی گیانیان لەدەستدا. 

لەگەڵ رەئیسی، هەریەکە لە حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران؛ ئایەتوڵا ئەلهاشم، پێشنوێژ و وتارخوێنی تەورێز؛ مالیک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز؛ سەرۆکی پاسەوانەکان و پاسەوانێکی سەرۆککۆمار، فڕۆکەوانەکە و دو یاریدەدەری لە هێلیکۆپتەرەکەدا بون و گیانیان لەدەستدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×