وته‌بێژی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێران: تائێستا هیچ شتێکی نوێمان دەستنەکەوتووە
  2024-05-19       510       
ئیبراهیم ڕەئیسی‌، سەرۆک کۆماری‌ ئێران‌

عەلی بەهادۆری، وتەبێژی سەرۆکایه‌تی‌ کۆماری‌ ئێران ڕایگەیاند، "لەدۆخێکی ئاڵۆز و قورسداین.. تائێستا هیچ شتێکی نوێمان دەست نەکەوتووە". عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران-یش ده‌ڵێت، "هیوادارم سەرۆک کۆمار بەسەلامەتی بگەڕێتەوە.

ئاوێنه‌: بەهادۆری وتیشی‌، "لەبارەی شوێنی ڕوداوەکەو دۆخی سەرۆک کۆمار،  تائێستا هیچ شتێکی نوێمان دەستنەکەوتووە..نزاکردن تاکە ڕێگەیە".

ئه‌وه‌شی‌ وت، "لەدۆخێکی ئاڵۆزو قورسداین، مافی خەڵکی ئێران‌و ڕاگەیاندنەکانە هەموو شتێک لەبارەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ره‌ئیسی‌، سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ بزانن".

ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، لەپارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی‌، سەرۆک کۆماری‌ ئێران‌و ئیلهام عەلیف، سەرۆکی ئازەربایجان بەنداوی‌ "قیزکالێ سی"یان كرده‌وه‌ کە لەنێوان هەردو وڵاتدا بەهاوبەشی دروستکراوە، پاش ڕێوڕەسمەکەو له‌كاتی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ تاران، هێلیکۆپتەرەکەی‌ ئیبراهیم ڕەئیسی‌ توشی‌ ڕوداوێک دەبێت‌و تائێستا چارەنوسی‌ سەرۆک کۆماری‌ ئێران‌و حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران‌ بەنادیاری ماوەتەوە.

له‌باره‌ی‌ ڕوداوه‌كه‌و عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، "هیوادارم سەرۆک کۆمار بەسەلامەتی بگەڕێتەوەو گەلی ئێران دڵنیا دەکەمەوە، هیچ کەموکوڕییەک لەکاروباری وڵات نایێتە پێشەوە".

هاوكات بەهرام عەین ئیلاهی، وەزیری تەندروستیی ئێران ڕونیكرده‌وه‌، لەناوچەی ڕوداوه‌كه‌ تیمه‌ فریاگوزارییه‌كان سه‌رقاڵی‌ گه‌ڕانن، بەڵام تەمێکی زۆر هەیەو به‌هۆی‌ خراپی‌ كه‌ش و هه‌واوه‌ گەڕان ئاستەمە.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ میدیاکانی ئێران بڵاویانكرده‌وه‌، ناوچەی گەڕان بەدوای هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆک کۆمار دارستانەکانی "ئەرەس باران" لەناوچەی پیرداود لەرۆژهەڵاتەوە تاوەکو ناوچەی "کانگاکانی سونگون" لەرۆژئاواوە دەگرێتەوە.

ئەو ناوچەیەی کە باسی لێوەدەکرێت دەکەوێتە باکوری ئازەربایجانی رۆژهەڵات لەشاری وەرزقان، کە دارستانێکی  چڕو ناوچه‌یه‌كی‌ شاخاوی و تەماوی و باراناوی زۆر سەختەو زیاتر له‌شه‌ش کاتژمێره‌ گەڕانی تیمەکانی فریاگوزاری بۆ دۆزینەوەی ئەو هێلیکۆپتەرەی کە سەرۆکی هەڵگرتبو بەردەوامە.

پەیامنێری فارس نیوز دەڵێت، دوای روداوەکە بۆ چەند ساتێک لەگەڵ ئایەتوڵا ئەلهاشم قسەیان کردووە، بەڵام لەئێستادا مۆبایلەکان بەردەست نین.

لەناو سەرنشینانی ئەو هێلیکۆپتەرەدا ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، محەمەد علی‌ ئەلهاشم ئیمام جومعەی تەورێز، حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەو مالیک ڕەحمەتی پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژهەڵات هەبون.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×