ئاژانسهكانی ئێران بڵاویانكردهوه كه هێلیكۆپتهرهكهی ئیبراهیم رهئیسی سهرۆكی ئهو وڵاته توشی ڕوداوێك بووهو چارهنوسی نادیاره. وەزیری ناوخۆی ئێران-یش دهڵێت، تیمە فریاگوزارییه جیاوازەکان دەستیان بەئۆپەراسیۆنێکی چڕوپڕکردووە بۆ دۆزینەوەی فڕۆکەکە.
ئاوێنه: ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران بهئاژانسی تەسنیمی ڕاگهیاندووه، بەمەبەستی کردنەوەی بەنداوی خودافرینو بەنداوی قەیز، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆمار لەگەڵ ژمارەیەک لەبەرپرسانی حكومیی، بەچەند هێلیكۆپتهرێک سەردانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتی کرد، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەیدا یەکێک لەکۆپتەرەکان بەهۆی خراپی كهش و ههواو تەم و مژەوە ناچار بوو نیشتنەوەیەکی ناچاریی ئەنجامبدات.
وتیشی، تیمەفریاگوزارییەکان بەرەو ناوچەکە چون، بەڵام بەهۆی تەم و خراپی کەشوهەواوە، ڕەنگە کاتی پێویست بێت تا دەگەنە ناوچەکە.
وەحیدی دهشڵێت، "پەیوەندیمان لەگەڵ تیمی ئەو هێلیكۆپتەرەدا هەیە کە سەرۆک کۆمارو ژمارەیەک بەرپرسی تری هەڵگرتووە، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ناوچەکە ئاڵۆزەو دۆخی کەش و هەوا یارمەتیدەر نییە، دۆزینەوەی شوێنەکەیان ئاسان نییە، هیوادارین تیمەکانی فریاکەوتن زووتر بگەنە شوێنی ڕووداوەکە و زانیاری زیاترمان پێ بدەن."
میدیاكانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانو ئایەتوڵڵا هاشمی، ئیمامی هەینی تەبرێز لەناو ئەو هێلیكۆپتهرەدا بون کە سەرۆک کۆماری ئێرانی هەڵگرتبو.
تیمە جیاوازەکانی ئێران دەستیان بەئۆپەراسیۆنێکی چڕوپڕکردووە بۆ دۆزینەوەی فڕۆکەکەو هاوڵاتیانی ناوچەکەش دەڵێن، بەهۆی تەمومژەوە هیچ لەبارەی دۆخی هێلیکۆپتەرەکەوە نازانن.