ئا: ئاوێنە
ئەمیر عەباسی هوەیدا، یەکێک بوو لەو کاربەدەستانەی سەردەمی شا، کە لەکاتی روخانی رژێمی پاشایەتیو گەڕانەوەی خومەینی لەپاریسەوە بۆ تارانو هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، ئێرانیان بەجێنەهێشت. کە دەستگیرکرا، لەکاتی دادگایی کردنو پێش خوێندنەوەی حوکمی کۆتایی لە٧ی نیسانی ١٩٧٩دا، لەڕارەوی دادگاکەدا گولەیەک نرا بەپشتی سەریەوەو کوژرا.
هوەیدا لەکاتی کوشتنیدا تەمەنی ٦٠ ساڵ بوو، ئەو بۆ ماوەی ١٣ ساڵ لە ١٩٦٥ەوە تا ١٩٧٧ سەرۆک وەزیری ئێران بوو، دوای ئەوەش تا هەڵگیرسانی شۆڕشی ئێران وەزیری دەرباری شا بوو. کە شۆڕش هەڵگیرسا، شا بەمەبەستی رازیکردنی دەنگی ناڕەزایی لەئێراندا کە رۆژ بەڕۆژ بەرزتر دەبۆوە، لەگەرمەی خۆپیشاندانەکاندا بڕیاری دا ئەمیر عەباسی هوەیدا دەستگیر بکاو خستییە زیندانەوەو سەرەنجام کرایە قۆچی قوربانی شایەک، کە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە خزمەتی کردو تا دوا ساتەکانی ژیانی وەفادار بەرامبەر بەم هاوڕێیەی تەمەنی مایەوە، بەڵام لەبەرامبەردا شا کە ئێرانی بەجێهێشت تەنانەت سەگەکانیشی لەگەڵ خۆی برد، کەچی سەرۆک وەزیرە "خۆشەویستەکەی" بەزیندانکراوی بۆ شۆڕشگێڕانی رق ئەستوری ئیسلامی بەجێهێشت.
هوەیدا تا ئەو کاتەی شاپوری بەختیار تاران بەجێدەهێڵێو خومەینی لەپاریسەوە دەگەڕێتەوە بۆ تاران، لە"پادگانی جەمشیدییە" بەدەستبەسەریی دەهێڵدرێتەوە، کاتێک خەڵکی دەرگای زیندانەکە دەشکێننو هەموو بەندکراوەکان هەڵدێن، هوەیدا بەپێچەوانەی زۆرێک لەکاربەدەستانی سەردەمی شا بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵنایەت، خۆی رادەستی دادگای "انقلاب" دەکات، بەو پێیەی هیچ تاوانو کارو گەندەڵییەکی نەکردووە تا لێی بترسێو ئێران بەجێبهێڵێت، بەڵام کاربەدەستانی نوێی ئێران وەک سمبوڵی گەندەڵی سەردەمی شا لە"هوەیدا"یان دەڕوانیو پەلەیان بوو لەوەی هەرچی زووە ئیعدامی بکەن.
لەپرۆسەی دادگایی کردنێکدا کە لەلایەن "سادقی خالخالی"یەوە بەڕێوەدەبرێت، ١٥ تۆمەتی قورسی دەخرێتە پاڵ کە هەریەکێکیان بەتەنها بەس بوو بۆ ئەوەی ئیعدام بکرێت، وەک تۆمەتی "فاسد في الارض، دژایەتی خوداو نایبی ئیمامی زەمان، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکاو بەریتانیا، سیخوڕی کردن بۆ رژێمی زایۆنیستی، گرتنو ئەشکەنجەی ئازادیخوازان...".
لەپەراوێزی یەکەم پرۆسەی دادگایی کردنیدا، رۆژنامەنووسێکی رۆژنامەی ئیتلاعات لێیدەپرسێت: ئایا هیچ داواکارییەکەت هەیە؟
هوەیدا دەڵێ: بەڵێ، بەدرێژایی ژیانم شەوێک نەبووە بەبێ خوێندنەوە خەوم لێکەوتبێت، لەزاری منەوە پێیانبڵێ کۆمەڵێ کتێبی تازە چاپکراوم بۆ بنێرن.
ئەمە تەنها داواکاریی ئەمیر عەباسی هوەیدا بوو لەسەخترین رۆژەکانی ژیانیدا.
لەنێو سەرۆک وەزیرەکانی دواهەمین ساڵەکانی دەسەڵاتی شادا: "ئەزهەری، شەریف ئیمامی، ئاموزگارو شاپوری بەختیار"، کە هەموویان ڕۆژانی پێش شۆڕش، یان لەکاتی هاتنەسەرکاری خومەینیدا، ئێرانیان بەجێهێشتو چەندین ساڵ دوای شۆڕش ژیان، تەنیا هوەیدا لەبەر چەندین هۆکاری جیاواز لەئێران مایەوەو دەستگیر کراو ئیعدام کرا.
ئەو رۆژەی هوەیدا کوژرا، سادقی خالخاڵی دادوەری شەرعی دادگای انقلاب، کە لەلایەن ئایەتوڵڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامییەوە لەو پۆستەدا دانرا بوو، وەک خۆی دەڵێت "فەرمانی دا هەموو دەرگاکانی زیندانی قصر دابخرێنو هەموو تەلەفونەکان کۆبکرێنەوە، بۆ ئەوەی کەس دەستوەردان لەدادگایی کردنەکەدا نەکاتو بەئاسانی ئەمیر عەباسی هوەیدا لەسێدارە بدات".
ئەگەرچی لەپشووەیەکدا لەکاتی دادگایی کردنەکەدا، هوەیدا لەهۆڵی دادگایی کردن دەبرێتە دەرەوەو لەڕاڕەوی دادگاکەدا پیاوێکی ئایینی بەناوی "هادی غەفاری" لەدواوە گوللەیەک دەنێ بەسەریەوەو گیان لەدەست ئەدات، بەڵام خالخاڵی هێشتا سوور ئەبێ لەسەر ئەوەی بەکوژراویی بهێنرێتەوە بۆ نێو هۆڵی دادگاکەو لەسەر کورسییەکەی دابنشیرێنێت تا حوکمی ئیعدام کردنی بخوێنرێتەوەو بەمردوویش ئیعدام بکرێت!
جێی سەرنجە، لەم کاتەدا کە پیاوانی شاو رژێمی پاشایەتی، یەک بەیەک لەئێران دەستگیرو گولەباران دەکرێن، شاو شابانوو فەرەحی هاوسەری لەخۆشترین شوێنی کات بەسەربردنی دنیا خەریکی کەیفو سەفان.
لەبەرەبەیانی ٨ی نیسانی ١٩٧٩دا، کە بێژەری دەنگی شۆڕشی ئێران هەواڵی ئیعدام کردنی هوەیدای راگەیاند، شاو فەرەح هەشت رۆژ بوو لەوڵاتی پەناماو لەدورگەی "بەهەشت"ی سەر کەناری زەریای ئەتلەسی، خەریکی خلیسکانێ لەسەر ئاوو عەیشو نۆشو بەشادی کات بەسەربردن بوون.
گۆڤاری بەناوبانگی PARIS MATCHی فەرەنسی، ڕۆژی دواتر، لەبەرگی یەکەمیدا وێنەی شاو سەگە رەشەکەی لەکەناری دەریا لەدورگەی بەهەشت لەلایەکو وێنەی تەرمی هوەیدای سەرۆک وەزیرانو وەزیری دەرباری شای بڵاوکردەوەو نووسیبووی "لەکاتێکدا هاوڕێ کۆنەکانی شا لەئێران یەک بەیەک لەسێدارە دەدرێن، ئەمیش کاتێکی خۆش بەسەردەبات".
بۆ ئەم راپۆرتە سوود لەم دوو کتێبە وەرگیراوە:
١/ مەتەڵۆکەی هووەیدا، نوسینی عەباسی میلانیو وەرگێڕانی عەبدوڵڵا حەسەن زادە
٢/ کشتگان بر سر قدرت - نوسینی مسعود بهنود

هوەیدا بەکوژراوی

شاو هوەیدا