ناوەڕۆكی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم
  2024-02-28       800       

بەپێی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی، سەرجەم فەرمانگەكانی هەرێمی كوردستان دەتوانن راستەوخۆ هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بكەن بۆ جێبەجێكردنی بە بانكیكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە بانكە فیدراڵییەكان تاوەکو حکومەتى فیدراڵى ئەو موچانەی هەرێم لەپاش بەبانكیكردنیان خەرج بکات و لەڕێگەی قەرزەوە خەرج نەكرێن.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق دەقی نوسراوى بڕیارێکى خۆى بڵاوکردەوە کە لە 21ـى شوبات دەریکردبو لەبارەى سکاڵایەکەوە بۆ ناردنى موچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان.

بەگوێرەی نوسراوەكە، ناوەڕۆكی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بەمشێوەیەن:

-پابەندکردنى سەرۆک وەزیرانى عێراق و سەرۆك وەزیرانی هەرێمى کوردستان بە "تەوتینكردن"ى موچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتیى هەرێمى کوردستان لە بانكە حكومییە فیدراڵییەكان كە لە دەرەوەی هەرێم كاردەكەن و ئەوەش لە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ئەمساڵ و ساڵانی دوایی دادەشكێنرێت.

- سەرجەم فەرمانگەکانى هەرێمى کوردستان راستەوخۆ هەماهەنگی بكەن لەگەڵ وەزارەتى دارایی فیدراڵ بکەن بۆ جێبەجێکردنى تەوتینكردنی موچە بەبێ گەڕانەوە بۆ نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم.

 - دەبێت سەرجەم بانکەکانى سەربە حکومەتى فیدراڵ کارئاسانى بکەن بۆ پرۆسەى تەوتینكردنی موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کورستان و سەرجەم رێگە پێویستەکان بگرنەبەر بۆ ئەوەى موچەخۆران موچەکانیان لە شوێنى نیشتەجێبونیان بەدەست بگات لە ڕێگەی دەروازەکانى پاردەدارکردن یان ئەو بانکانەی کە لە هەرێمى کوردستان کراونەتەوە لەلایەن بانکى ناوەندییەوە مۆڵەتیان پێدراوە.

- بەرپرسانی باڵاى فەرمانگە و دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان بەرپرسیارێتیى راستی ئەو زانیارییانە دەگرنە ئەستۆ، کە دەنێردرێن بەمەبەستی تەوتینكردنی موچەى فەرمانبەران لەڕوی ژمارەو پلەو بڕی موچە و زانیارییەكانی موچەخۆر.

-دەبێت ئەو زانیارییانەی موچەخۆر لەلایەن سەرۆکى باڵاى دامەزراوەکەو بەڕێوەبەرى وردبینى دارایی، بەڕێوەبەری بەشی دارایی، بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەكان ئیمزابكرێن، تاوەکو حکومەتى فیدراڵى ئەو موچانەی هەرێم لەپاش تەوتینكردن خەرج بکات و لەڕێگەی قەرزەوە خەرج نەكرێن.

 - پێویستە دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان مانگانە لەکاتى دیاریکراوى خۆیدا تەرازوى پێداچونەوە پێشکەشی فەرمانگەى ژمێریاریى وەزارەتى دارایی فیدراڵى بکات لە مانگى دواتردا کاتێک داواى پارەدارکردن دەکات هاوشێوەى وەزارەتەکانى حکومەتى فیدراڵى.

- سەرۆک وەزیرانی هەرێمى کوردستان پابەندكراوە بە رادەستکردنى سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بە حکومەتى فیدراڵى، بەگوێرەى یاساى کارگێڕیى دارایی فیدراڵى، تاوەکو دواتر دیوانى چاودێریى دارایی فیدراڵى بە هەماهەنگى لەگەڵ دیوانى چاودێریى دارایی هەرێمى کوردستان وردبینى لە زانیارییەکانى داهاتدا دەکەن بەگوێرەى ئەوەى لە یاسای بودجەى گشتى 2023دا هاتوە.

- سەرۆک وەزیرانی هەرێمى کوردستان پابەندكراوە بە رێگەدان بە دیوانى چاودێریى دارایی فیدراڵى تاوەکو بە هەماهەنگى لەگەڵ دیوانى چاودێریى دارایی هەرێمى کوردستان وردبینى لەو هەژمارە بانکییانەى هەرێمى کوردستان بکەن، کە لە بانکى ناوەندى کراونەتەوە و وردبینی لە لیستى موچەخۆراندا بکەن.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×