لێدوانی پوتین لەبارەی دۆخی سوریاو پرسی كورد
  2024-12-19       500       

ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا رایگەیاند، ئەوەی لە سوریا رویدا، شكست نییە بۆ وڵاتەكەی و دەشڵێت، داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێستای سوریا دەكەین پرسی كورد چارەسەر بكەن.

ئاوێنە: ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی گفتوگۆیەكی كراوەدا لەگەڵ هاوڵاتیانی وڵاتەكەی، باسی لە چەند پرسێك كرد لەنێویاندا دۆخی سوریاو ناوچەكەو شەڕی ئۆكرانیاو دۆخی ناوخۆی روسیا.

ڤیلادیمێر پوتین رایگەیاند، داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێستای سوریا دەكەین پرسی كورد چارەسەر بكەن.

سەرۆكی روسیا لە بەشێكی قسەكانیدا وتی، بەردەوام لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا لەسەر هێڵن بۆ تاوتوێكردنی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وتی، توركیا هەمو شتێك دەكات بۆ "پارسانی ئاسایشی سنورەكانی باشوری وڵاتەكە... و دورخستنەوەی گروپە كوردییەكان لەسەر سنور."

لەگەڵ ئەوەش وتی"دەبێت پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتوەكان لەبارەی مافی چارەی خۆنوسینی گەلان جێبەجێ بكرێت...هەندێك لە بەرپرسانی ئەوروپاو ئەمریكا پێشتر بەڵێنیان بە كورد دابو دەوڵەتی سەربەخۆیان بۆ دروس بكرێت بەڵام هەڵیانخەڵەتاندن. ئەمە پرسێكی زۆر ئاڵۆزە، كوردەكان شەڕڤانی بەهێزن، پێویستە پرسی كورد لەچوارچێوەی گۆڕانكارییە نوێكاندا چارەسەر بكرێت و هەروەها پرسەكانی پەیوەست بە ئاسایشی توركیاش چارەسەر بكرێن...بەڵام پێویستە پێویستە رێز لە سەروەریی هەمو وڵاتان و پاراستنی خاكەكەیان بگیرێت."

ئەوەشی خستەڕو، ئێمە بەردەوام لە پەیوەندیداین لەگەڵ ئەو گروپانەی كە لەئێستادا لە سوریا باڵادەستن.

بەبڕوای سەرۆكی روسیا، سودمەندی سەرەكی لە گۆڕانكارییەكانی سوریا ئیسرائیلەو وتیشی، روسیا ئیدانەی هەر داگیركردنێكی خاكی سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە دەكات و هیوای خواست ئیسرائیل لەو ناوچانەی سوریا بكشێتەوە كە داگیری كردون بەڵام بەقسەی ئەو ئیسرائیل هێشتا هێزی زیاتر رەوانەی سوریا دەكات و پێدەچێت نیازی كشانەوەی نەبێت بەڵكو بیەوێت زیاتر بچێتە ناو سوریا بەمەبەستی بردنی خاكی ئەو وڵاتە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی، ئەوەی لە سوریا رویدا، بە شكست بۆ روسا هەژمار ناكرێت و وتیشی، میدیاكانی ئەمریكا پێیان وایە ئەوەی لە سوریا رویدا و رودەدات، شكستە بۆ روسیا، بەڵام ئەوە راست نییە.

هەروەها وتیشی، روسیا پێش 10 ساڵ لەمەوبەر چوە ناو خاكی سوریا بۆ رێگریكردن لە "دروستكردنی پێگەیەكی تیرۆر. مۆسكۆ ئەم ئامانجەی بەدەستهێنا."

ئەوەشی خستەڕو، روسیا دەتوانێت بنكە سەربازییەكانی لە سوریا بەكاربهێنێت بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی.

وتیشی، لە ڕێگەی بنكەی سەربازی حمەیمیمەوە هاوكاریمان پێشكەش بە چوار هەزار سەربازی هێزە ئێرانییەكان كرد بۆ كشانەوەیان لە سوریا، بەشێكیان بۆ عێراق و بەشێكی دیكەشیان بۆ ئێران كشانەوە.

جەختیشی كردەوە كە روسیا هێزی پیادەی لە سوریا نیە بەڵكو تەنیا بنكەی سەربازی هەن.

بەقسەی پوتین زۆرینەی زۆری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست "پاڵپشتی لە مانەوەی بنكە سەربازییەكانی روسیا لە سوریا دەكەن."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی روسیا باسی لەوە كرد كە دوای ئەوەی بەشار ئەسەد گەیشتۆتە مۆسكۆ، تاوەكو ئیستا چاوی پێی نەكەوتوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دیداری لەگەڵ دەبێت و وتیشی، پرسیار لە ئەسەد ئەكەم لەبارەی ئەو رۆژنامەنوسە ئەمریكییەی كە لە سوریا بێسەروشوێنە و ئەو پرسیارە پێویستە لە دەسەڵاتدارانی ئێستای سوریاش بكرێت.

هەروەها پوتین وتیشی، ماوەی زیاتر لە 4 ساڵە قسەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ نەكردوە و ناشزانێت كەی دیداری لەگەڵ دەبێت بەڵام هەمیشە ئامادەیە بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەگەڵ بكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×