تۆڕی هەواڵی سی بی ئێس نیوزی ئەمریكی لەزاری چەند بەرپرسێكی وڵاتەكەوە بڵاویكردۆتەوە كە پلانی هێرشی ئەمریكا بۆ سەر میلیشیاكانی نزیك لە ئێران لە عێراق و سوریا، پەسەندكراوە، ئەوەش لەدوای هێرشە درۆنییەكەی سەر هێزەكانی ئەمریكا لە ئوردن كە تێیدا سێ سەربازی ئەمریكا كوژران.
ئاوێنە: ئەو بەرپرسە ئەمریكییانە بە تۆڕی هەواڵی سی بی ئێس نیوزیان وتوە، پلانەكە زنجیرەیەك هێرش لەخۆدەگرێت بۆ سەر چەند ئامانجێك لەنێویشیاندا بە ئامانجكردنی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران و دامەزراوە ئێرانییەكان لە عێراق و سوریا.
ئەوەشیان خستۆتەڕو، زنجیرە هێرشەكە لەماوەی چەند رۆژێكدا ئەنجام دەدرێن و وەك وەڵامێك بۆ هێرشە درۆنی و موشەكییەكان بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە لەنێویشیاندا هێرشەكەی ئوردن كە تێیدا سێ سەربازی وڵاتەكەیان كوژران.
ئەو بەرپرسانە وتوشیانە، كەشوهەوا فاكتەری سەرەكی دەبێت بۆ دیاریكردنی كاتی هێرشەكان، لەگەڵ ئەوەی ئەمریكا توانای ئەنجامدانی هێرشی لە كەشوهەوای نالەباردا هەیە، بەڵام پێی باشە هێرشەكانی لە كەشێكدا ئەنجام بدرێن كە بینین باشتر بێت بۆ كردنە ئامانجی ئەو شوێنانەی دیاریكراون ئەوەش "وەك گەرەنتییەك بۆ پێوە نەبونی خەڵكی مەدەنی."