نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، تاران دەستی نەبووە لەو هێرشەی سەر بنکەی ئەمەریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن لە نزیک سنووری سووریا، کە بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکی تێیدا کوژرا.
ئاژانسی هەواڵی "ئێرنا"ـی ئێرانی بڵاویکردەوە، تاران "دەستوەردانی خۆی لەو هێرشەدا رەتدەکاتەوە" کە بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن کرایە ئامانج و سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و زیاتر لە 34 سەربازی دیکەش برینداربوون.
ئاژانسەکە لە زاری ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتەکەیەوە رایگەیاندووە، "ئەم تۆمەتانە ئامانجێکی سیاسییان هەیە" ئەمەش لە وەڵامی لێدوانێکی دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کە تیایدا داوای لە تاران کردووە هەڵکشانی توندوتیژی رابگرێت.
دوێنێ یەکشەممە بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ئوردن سێ سەربازی ئەو وڵاتە کوژران و 34ی دیکەش برینداربوون.