سەربازێکی ئێرانی پێنج له‌ هاوکارەکانی دەکوژێت و هەڵدێت
  2024-01-22       480       

به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتی ته‌له‌فزیۆنی ئێران، سه‌ربازێكی ئێرانی له‌ شاری كرمان له‌ باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه‌ كه‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ دو ته‌قینه‌وه‌ی تێدا ئه‌نجامدرا، به‌بێ هۆكارێكی دیاریكراو ته‌قه‌ی له‌ هاوڕێ سه‌ربازه‌كانی كردوه‌ و پاشانیش به‌ره‌و شوێنێكی نادیار هه‌ڵاتوه‌. 

به‌گوێره‌ی ته‌له‌فزیۆنی ئێران، ته‌قه‌كردنه‌كه‌ كاتێك ڕویداوه‌ كه‌ سه‌ربازه‌كه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ شوێنی نیشته‌جێبونی سه‌ربازه‌كان كه‌ له‌كاتی پشودا بون، ده‌ستبه‌جێ ده‌ستڕێژی گوللـه‌ی لێكردون و پێنج سه‌ربازی لێكوشتون. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، تا ئێستا پاڵنه‌ری روداوه‌كه‌ ڕون نه‌بوه‌ته‌وه‌، تۆمه‌تباره‌كه‌ كه‌ ناسنامه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كراوه‌، به‌ره‌و شوێنێكی نادیار هه‌ڵاتوه‌.

ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕو، هێرشه‌كه‌ له‌ شاری كرمان بوه‌ كه‌ نزیكه‌ی 830 كیلۆمه‌تر له‌ باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی تارانی پایته‌خته‌وه‌ دوره‌، تا ئێستاش هۆكاره‌كه‌ی نادیاره‌.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا دو ته‌قینه‌وه‌ی خۆكوژی له‌ مه‌راسیمێكدا به‌ بۆنه‌ی ساڵڕۆژی تیرۆركردنی قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی پێشوی سوپای قودسی سوپای پاسداران ئه‌نجامدران و به‌وهۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 100 كه‌س كوژران و سه‌دانی دیكه‌ش برینداربون.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×