سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێواری تەقینەوەدایە، پێویستە دەستبەجێ ئاگربەستێكی مرۆیی بكرێت، بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكانی غەزە و گەیاندنی یارمەتی بۆ دانیشتووانی ئەو شارە و ئازادكردنی دیلەكان.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی مەترسی و ئاڵۆزییەكانی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێواری تەقینەوەدایە و خەریكە دەتەقێتەوە، ئەو هێرشە سەربازییانەی ئیسرائیل ئەنجامی دەدەن، دەبنە هۆی وێرانكارییەكی بەرفراوان و كوشتنی خەڵك بە قەبارەیەكی زۆر زیاتر.
ئاماژەی بەوەش كرد، پێویستە دەستبەجێ ئاگربەستێكی مرۆیی بكرێت، بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكانی غەزە و گەیاندنی یارمەتی بۆ دانیشتووانی غەزە و ئازادكردنی دیلەكان.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ڕەخنەی لە ڕەتكردنەوەی چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین گرت و وتی، زەوتكردنی مافەكانی گەلی فەڵەستین ململانێكان درێژ دەكاتەوە و بووەتە هەڕەشەیەكی جدی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
جێگای ئاماژەیە، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە لە دوای هێرشێكی بزووتنەوەی حەماسەوە بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە سەریهەڵدا، كە بووە هۆی كوژرانی نزیكەی هەزاران كەس و بریندار بوونی هەزارانی دیكە.