ژماره‌ی كوژراوانی غه‌ززه‌ له‌ 25 هه‌زار كه‌س نزیك ده‌بێته‌وه‌
  2024-01-20       320       

وەزارەتی تەندروستی لەغەززە ڕایگەیاند، لەماوه‌ی‌ 24 کاتژمێری ڕابردودا 165 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بوونەته‌ قوربانی و ژمارەی کوژراوان گەیشتە 24 هەزارو 927 کەس و هەروەها 62 هەزارو 388 کەسیش بریندارن.

ئاوێنه‌: بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی تەندروستی لەغەززە، لە 24 کاتژمێری ڕابردودا، 165 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بونەته‌ قوربانی و هەروەها 280 کەسی دیکەش بریندار بون.

لەڕاگەیەندراوەکەدا جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە بەشێکی زۆریش لەقوربانیان تا ئێستاش لەژێر داروپەردوی ڕوخاوی بیناکاندا ماونەتەوەو تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاکەوتنیش بۆیان ئەستەمە بتوانن ڕزگاریان بکەن.

وەزارەتی تەندروستی له‌غەززە ئه‌وه‌شی‌ خستۆته‌ڕو، ژمارەی کوژراوان لەسەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە 7ی تشرینی یەکەمەوە، گەیشتە 24 هەزارو 927 کەس و هاوکات 62 هەزار و 388 کەسیش بریندارن.

هه‌روه‌ها زیاتر له‌نیوه‌ی‌ دانیشتوانی‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ دو ملیۆنه‌، ئاواره‌ بون‌و هه‌زاره‌ها باڵه‌خانه‌و یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبون‌و نه‌خۆشخانه‌و خوێندنگاش به‌هۆی‌ هێرشه‌كانه‌وه‌ خاپور بون.

رۆژی‌ 7ی‌ 10ی‌ 2023، بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی‌ فه‌ڵه‌ستینی‌ هێرشێكی‌ له‌ناكاوی‌ كرده‌ سه‌ر ئیسرائیل‌و ده‌یان سه‌ربازو هاوڵاتی‌ ئیسرائیلی‌ كوشت‌و برینداركرد، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی‌ دیكه‌ به‌دیل گرت.

له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی‌ ئیسرائیل جه‌نگێكی‌ كراوه‌ی‌ درێژمه‌ودای‌ دژی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس ده‌ستپێكردو زیاتر له‌سێ مانگه‌ له‌ئاسمان‌و زه‌مین‌و ده‌ریاوه‌ هێرشده‌كاته‌ سه‌ر كه‌رتی‌ غه‌ززه‌.

لە 24ی 11ی 2023 بەنێوەندگیری قەتەر، ئاگربەستێكی‌ حه‌وت ڕۆژی‌ لەنێوان ئیسرائیل‌و حەماس راگەیەندراو زیاتر لە 400 بارمتەی‌ ئیسرائیلی‌‌و زیندانی فەڵەستینی ئازادكران‌و ئاڵوگۆڕیانپێكرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×