لەبارەی گیانلەدەستدانی سەرمایەدارێكی لوبنانی لە هەولێر، وتەبێژی كۆمپانیاكانی حەریر رەتیدەكاتەوە تەرمی ناوبراو لە هۆتێل مەسایا دۆزرابێتەوەو دەڵێت''تاریق گەیەندراوەتە نەخۆشخانەو لەوێ گیانی لەدەستداوە."
ئاوێنە: بەگوێرەی زانیارییەكان شەوی سەری ساڵ، تاریق عەماش، سەرمایەداری لوبنانی-فەرەنسی کە لە بنەماڵەی سەعد حەریری، سەرۆک وەزیرانی پێشوتری لوبنانە و خاوەنی جێبەجێکاری هۆتێل مەسایایە لە هەولێر، گیانی لەدەستداوە.
دوای بڵابونەوەی دەنگۆی ئەوەی كە تەرمی تاریق عەماش لە هۆتێل مەسایای شاری هەولێر دۆزراوەتەوە؛ محەمەد میران، وتەبێژی کۆمپانیاکانی حەریر لە هەولێر رەتیدەکاتەوە ئەو سەرمایەدارە لە هۆتێل گیانی لەدەست دابێت و لەوبارەوە بە روداوی وتوە، ''کاتێک تەندروستیی تێکچوە، کاتژمێر 08:30ـی شەو کارمەندانی هۆتێل مەسایا گەیاندویانەتە نەخۆشخانەی نەورۆزی تایبەت، بەپێی بەڵگەنامەی نەخۆشخانەکەش كاتژمێر 09:00ـی شەوی 31ـی کانونی یەکەم [2023] لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کردوە کە دیاریکراوە نەخۆشیی دڵیشی هەبوە."
تاریق عەماش لەدایکبوی 1966و هەڵگری رەگەزنامەی فەرەنسی و لوبنانی بوە کە بە رەگەزنامەی فەرەنسی هاتوەتەوە هەرێمی کوردستان، محەممەد میران وتوشیەتی "تەرمەکەی ئێستا لە پزیشكی دادی هەولێرە و دەنێردرێتەوە لوبنان."
باسی لەوەش کرد، برای سەرمایەدارەکە لە هەولێرەو هیچ سکاڵایەکی سەبارەت بە گیانلەدەستدانی براکەی نییەو و ئەمڕۆش كاتژمێر 20:00 لە ماڵی مستەفا حەریری، سەرۆکی رەوەندی لوبنانی پرسەیەک بەڕێوەچو و بەشێک لە کەسایەتییەکان تێیدا بەشداربون.