ئەمڕۆ هەینی، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی ئەوەش لەدوای هێرشی حوسییەكانی یەمەن بۆ سەر چەند كەشتییەك لەنێو دەریاری سور و وێڕای بڕیارەكەی وڵاتی ئەنگۆلا بۆ كشانەوە لە رێكخراوی ئۆپیك.
ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەڕێژەی 1% بەرزبوەوەو لە ئێستادا یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 80 دۆلارو 15 سەنت و هەروەها یەك بەرمیل نەوتی تەكساس بە 74 دۆلارو 58 سەنت مامەڵەی پێوە دەكرێت.
لەماوەی دو هەفتەی رابردودا بەهۆی زیادبونی نیگەرانییەكان لەبارەی گواستنەوەی باریی نەوت، نرخی نەوت بەڕێژەی لەسەدا 4 بەرزبۆتەوە.
لەدوای هێرشی حوسییەكانی یەمەن بۆ سەر چەند كەشتییەك لەنێو دەریای سور، بەشێك لە كۆمپانیاكان دوركەوتونەتەوە لە گواستنەوەی نەوت لەڕێگەی دەریای سورەوە كە نزیكەی لەسەدا 12ی بازرگانی جیهان بەو دەریایەو نۆكەندی سویسدا تێدەپەڕێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە، ئۆپەراسیۆنێكی بەبەشداری چەند وڵاتێك بۆ پاراستنی بازرگانی لە دەریای سور راگەیاند، بەڵام حوسییەكانی یەمەن جەختیان كردەوە كە بەردەوام دەبن لە هێرشەكانیان.
سعودیەو روسیاو ئەندامانی دیكەی ئۆپیك پڵەس كە لەسەدا 40ی هەناردەی نەوتی جیهان پێكدەهێنن، رێككەوتون لەسەر ئەوەی بەشێوەیەكی خۆبەخشانە بەرهەمی نەوت بە نزیكەی 2.2 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لەماوەی چارەكی یەكەمی ساڵی 2024دا كەم بكەنەوە.
بەڵام وڵاتی ئەنگۆلا، دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاند، لە رێكخراوی ئۆپیك دەكشێتەوە چونكە ئەندامبونی لەو رێكخراوە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ناكات.
پێشتر ئەنگۆلا رەخنەی گرتبو لە بڕیاری ئۆپیك پڵەس لەبارەی ئەو پشكی كەمكردنەوەیەی نەوت كە بۆ وڵاتەكەی دانرابو لە ساڵی 2024.