پەرلەمانی بەریتانیا ناردنی پەنابەرانی بۆ رواندا پەسەندكرد
  2023-12-12       689       

پەرلەمانی بەریتانیا بەزۆرینەی دەنگ، پڕۆژە یاسای ناردنی پەنابەرانی بۆ رواندا پەسەندكرد.

ئاوێنە: بەپێی تۆڕی هەواڵی بی بی سی ئەمشەو سێشەممە، پەرلەمانی بەریتانیا بە 313 بەڵێ لەبەرامبەر 269 دەنگی نەخێردا، پڕۆژە یاسای ناردنی پەنابەرانی بۆ رواندا پەسەندكرد.

حكومەتەكەی ریشی سوناك، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، رۆژی چوارشەممەی رابردو، رەشنوسی پڕۆژە یاسا نوێیەكەی بۆ ناردنی پەنابەران بۆ رواندا بڵاوكردەوە كە بەپێی رەشنوسەكە، رواندا وڵاتێكی "ئارامە".

ریشی سوناك لە دوای پەسەندكردنی پڕۆژە یاساكە لەلایەن پەرلەمانەوە، كەمێك لەمەوبەر لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند"دەبێت گەلی بەریتانیا بڕیار بدات كێ دێتە ئەم وڵاتە، نەك چەتەكانی تاوانكاری یان دادگا بیانییەكان...ئەمە ئەو شتەیە پڕۆژە یاساكە دەیخاتەڕو."

سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا وتوشیەتی"كاردەكەین بۆ ئەوەی ئەم شتە بكەینە یاسا، بۆ ئەوەی بتوانین ئاسانكاری بۆ گەشتە ئاسمانییەكان بۆ رواندا بكەین و بەلەمەكان رابگرین."

بەرلەوەش سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەدابو كە بەم پڕۆژە یاسایە "سنورەكانمان كۆنترۆڵ دەكەین و ئەوانەی رێگەی ئەم گەشتە پڕ مەترسییەی نێو دەریای مانش دەگرنە بەر لەو كارە دەگێڕینەوەو كۆتایی بۆ ئاڵنگارییە یاساییە بەردەوامانە دەهێنین كە دادگاكانی ئێمە پڕكردوە."

یاسای "كۆچی نایاسایی" حكومەتی بەریتانیا كە هاوینی ئەمساڵ پەسەندكرا، روبەڕوی رەخنەی زۆری نەتەوە یەكگرتوەكان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ بوەوە. بەپێی یاساكە ئەو كەسانەی كە بە بەلەمی بچوك لە دەریای مانشەوە دێنە ناو بەریتانیا بەگوێرەی رێككەوتنێكی بەریتانیا لەگەڵ رواندا، بۆ لێكۆڵینەوە لە داواكاریی پەنەبارێتییان، رەوانەی رواندا دەكرێن، یاساكە روبەڕوی رەخنە بوەوەو كاروانی یەكەمی ئەو پەنابەرانەی كە دەویسترا رەوانەی رواندا بكرێن، گەڕێنرانەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×