بەشی ئۆپەراسیۆنی بازرگانی دەریایی بەریتانیا بڵاوی كردەوە، ڕاپۆرتێكمان لەبارەی هێرشكردنە سەر كەشتییەكی وڵاتەكەمان لە دەوروبەری باب مەندەب لە نزیك كەناراوەكانی یەمەن پێگەیشتووە، گرووپی ئەناسروڵای یەمەنیش دەڵێن، لە چەند كاتژمێری داهاتوودا بەیاننامەیەكی گرنگ بڵاو دەكەنەوە.
بەشی ئۆپەراسیۆنی بازرگانی دەریایی بەریتانیا لەبارەی هێرشی سەر كەشتییەكی وڵاتەكەیان لە كەناراوەكانی یەمەن ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ڕاپۆرتێكمان لەبارەی هێرشكردنە سەر كەشتییەكى وڵاتەكەمان لە دەوروبەری باب مەندەب لە نزیك كەناراوەكانی یەمەن پێگەیشتووە، ئیدارەی ئەو كەشتییەش دەڵێت، لە دووری ١٥ میل لە ڕۆژئاوای بەندەری مۆخا لە یەمەن هێرشەكە ڕوویداوە، سەرجەم ئەندامانی تیمی كەشتییەکە سەلامەتن.
یەحیا ساری، وتەبێژی فەرمی گرووپی ئەنساروڵاى یەمەنى سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە تێلێگرامی خۆیدا ڕایگەیاند، لە چەند كاتژمێری داهاتوودا بەیاننامەیەكی گرنگ لەلایەن هێزە چەكدارەكانی یەمەنەوە بڵاو دەكرێتەوە.
ئەو گرووپە هەڕەشەی ئەوەیان كردووە، بە تەواوی هەموو ئەو كەشتییانە دەكەنە ئامانج كە ئاڵای ئیسرائیلیان هەڵگرتووە، كە لەلایەن كۆمپانیا ئیسرائیلییەكانەوە بەڕێوەدەبرێن یان خاوەندارێتی دەكەن.