ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، "جێبەجێنەکردنی بڕیاری ئاگربەست لەغەززە، بووەتە ھۆی ئەوەی دەسەڵات و متمانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لاواز بێت".
ئاوێنه: ئەنتۆنیۆ گوتێرێس لەمیانی 21ھەمین کۆڕبەندی دهوحە ئاماژەی بەوەداوە کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی پێویستی بەچاکسازیی ڕیشەیی ھەیە، "ئەنجومەنی ئاسایش لاواز بووە، چونکە توانای دەرکردنی بڕیاری نییە لەبارەی ئاگربەست لەغەززە".
جەختیشی لەوە کردەوە کە پاراستنی ھاوڵاتیانی مەدەنی لەکەرتی غەززە، وەک پێویست نییە، وتیشی، ژمارەی قوربانییەکان لەکەرتی غەززە، گەیشتووەتە ئاستێکی بێ وێنە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەئامادەبونی ژمارەیەک لەسەرۆکی وڵاتان و نوێنەرانی ڕێکخراوە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، 21ھەمین کۆڕبەندی دهوحە دەستیپێکرد کە دو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.