سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژە بەوەدەکات کە پێشووتر زمانی کوردی قەدەغە بوو، بەڵام ئێستا برا کوردەکانمان دەتوانن هەموو جۆرە بانگەشەیەکی سیاسی بە زمانی کوردی بکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمێک کە بەبۆنەی رۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ رێکخرابوو، وتی: حکومەتی تورکیا لە سەردەمی حکومرانی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا ( ئاکپارتی) کارێکی زۆری بۆ مافی مرۆڤ و بەدیهێنانی دادپەروەری کردووە، یەکێک لەوانەش زەمینەخۆشکردن بوو بۆ فێربوونی زمان و زاراوەی دیکە جگە لە زمانی تورکی کە زمانی فەرمی وڵاتەکەمانە.
ئەردۆغان رایگەیاند: ئێمە بەو زمانە بانگەشەی سیاسی و پەخشی رادیۆیی و تەلەڤزیۆنیمان کردووە، پێشووتر زمانی کوردی قەدەغە بوو، بەڵام ئێمە ئاسانکاریمان بۆ هاووڵاتییە کوردەکان کرد لە بەکارهێنانی زمانی خۆیان.
سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی کردەوە کە "ئێستا برا کوردەکانمان دەتوانن هەموو جۆرە بانگەشەیەکی سیاسی بە زمانی کوردی بکەن."